سەردێر

داخستنی مزگەوتەکان بەسیاسی مەکەن

ناوەندێکی ٢٤ کاتژمێری بۆ پشکنینی کۆرۆنا لەسلێمانی کرایەوە

خەڵک –

بەڕێوەبەری تەندروستی سلێمانی داوا لەموسوڵمانان و مامۆستایانی ئایینی دەکات داخستنی مزگەوتەکان نەکەنە بابەتی سیاسی، چونکە ئەمە پەیوەندی بەژیانی خەڵکەوە هەیە و هەرکەسێک ببێتە هۆی دروستبوونی ناڕەحەتی کەسێک یان کەسێک بەهۆیەوە بمرێت، ئەوە پێی گوناهباردەبێت و تاوەنەکەی لەسەرئەوە.

 

سەباح هەورامی بەڕێوەبەری تەندروستی سلێمانی لەکۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، بەتەنها مزگەوتیان دانەخستووە، بەڵکو هەموو ئەو شوێنانەى، کە بۆنەى ئایینی تێدا دەکرێت و قەرەباڵغییان تێدا دەکرێت دایانخستوون.

 

ئاماژەى بەئەوەشدا، داوا لەموسوڵمانان و مامۆستایانی ئایینی دەکەن بابەتی داخستنی مزگەوتەکان نەکەن بەبابەتێکی سیاسی و هەستیار، بەجۆرێک خەڵک هانبدەن، گوایە بەدەستی ئەنقەست مزگەوت داخراوە.

 

باسی لەئەوەشکرد، زۆرینەى خەڵکی هەرێمی کوردستان موسوڵمانە و پابەندی بنەما ئایینیەکانە، دینی ئیسلامیش سەلامەتی بۆ خەڵک دەوێت، ئەم بابەتەش پەیوەندی بەژیانی خەڵکەوەیە، هەر کەسێکیش هانی خەڵکبدات کە قەرەباڵغی بکات و خۆپارێزی نەکات، دواتر کەسێک بەهۆی ئەوەوە تووشی ناڕەحەتی و نەخۆشی ببێت یان ببێتە هۆی مردنی، تاوانەکەی لەئەستۆی ئەو کەسەیە کە هانیداوە.

 

ئەوەشی خستەڕوو، مزگەوت شوێنێکی پیرۆزە و شوێنی خواپەرستییە، لەگەڵ ئەوەنین کە مزگەوت دابخرێت، بەڵام لەم حاڵەتە تایبەتەدا دینی ئیسلامیش لەگەڵ ئەوەیە کە مزگەوتەکان دابخرێن، چونکە بەو قەرەباڵغیەی لەوێ دروستدەبێت، ڤایرۆسێک بڵاودەبێتەوە، کە دەبێتە هۆی دروستبوونی نارەحەتی بۆ هاوڵاتییان و موسوڵمانان.

 

ئەوەشی باسکرد، کلینیکی ڕاوێژکاری شەهید هێمن لەناو نەخۆشخانەی فریاکەوتنی کۆنی سلێمانی ٢٤ کاتژمێر دەرگای کراوەیە بۆ هاوڵاتییان، بۆئەوەی بچن پشکنینی ڤایرۆسی کۆرۆنا بکەن و خزمەتگوزاری وەربگرن.

 

ئەمە لەکاتێکدایە ماوەى چەند ڕۆژێکە کۆمەڵێک ڕێکار بۆ ڕێگری لەبڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا گیراوەتەبەر، لەناویاندا دەرگای شوێنە ئایینییەکان داخراون، ئەمەش ناڕەزایەتی ناو موسوڵمانانی لێکەوتۆتەوە.