سەردێر

داهاتی مانگانەی هەرێم گەیشتووەتە ملیارێك دۆلار

ئەندامێكی پەرلەمان: بیانووی لێبڕینی مووچە نەماوە

خەڵك

ئەندامێكی پەڕلەمانی كوردستان دەڵێت، داهاتی هەرێم لە ملیارێك دۆلاری مانگانە نزیك بووەتەوەو هیچ بیانوویەك بۆ لێبڕینی مووچەی فەرمانبەران نەماوە.

شێركۆ جەودەت، ئەندامی پەڕلەمانی كوردستان بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، بێگومان دەبێت لێبڕین نەمێنێت، چونكە لە بڕگەیەكی یاسای بودجەی عێراقیدا پەسەندكراوە، كە دەبێت هەرێمی كوردستان ڕاستەوخۆ و بە تەواوی مووچەی فەرمانبەرانی بدات لەو داهاتەی بەغدا بۆی دەنێردرێت.

شێركۆ جەودەت ئەندامی پەرلەمان:
لێبڕینی مووچە نایاساییەو داهاتی هەرێمیش بەرزبووەتەوە

سەبارەت بەوەی باس لەوە دەكرێت لێبڕینی مووچە لە %20 ەوە بكرێت بە %15 شێركۆ جەودەت وتی، لە هەموو حاڵەتێكدا لێبڕینی مووچە نایاساییەو داهاتی هەرێمیش بەرزبووەتەوە و نزیك بووەتەوە لە ملیارێك دۆلاری مانگانە كە زیاتر لە 200 بۆ 300 ملیۆن دۆلاری
زیاترە بۆ خەرجكردنی تەواوی مووچەی هەرێمی كوردستان.

وتیشی، نرخی نەوت بەجۆرێك بەرزبووەتەوە كە هیچ بیانوویەك نەماوە بۆ حكومەت بەردەوامی بە لێبڕینی مووچە بدات و ئەگەریش هەر بەردەوام بێت ئێمە لەپەرلەمانی كوردستان هەڵوێستی جدیمان دەبێت.