سەردێر

ئایندەی براو برازاكان لەپێناو كوڕەكاندا روو لە لێژییە

فەرمانڕەواكان برا و برازاكانيان دووردەخەنەوە و كوڕەكانيان دەهێننەپێشەوە

خەڵك- ئامەد حەسەن

چەند رۆژی رابردوو رووداوێكمان لە ئوردن بینی ئەویش دەستگیركردنی دارو دەستەكەی ئەمیر حەمزە بن حوسێن برای شا عەبدوڵڵای پاشای ئوردن بوو لەگەڵ دەستبەسەركردنی خۆی و ماڵ و منداڵەكەی، ئەمە بەهۆی دروستكردنی مەترسی بۆ سەر سەقامگیری و ئاسایشی ئەم وڵاتە بوو وەك ئەیمەن سەفدی وەزیری دەرەوەی ئوردن دەیگوت.

بەپێی ئاژانسەكانی دەنگوباسی نێونەتەوەیی، ئەمیر حەمزە و دارودەستەكەی لە سەرۆك خێڵەكان و كەسایەتییە ئاسایشییەكان هەوڵی كۆدێتایان داوە، بۆیە لەلایەن شا عەبدوڵڵاوە فەرمانی دەستبەسەركردنیان درا، بە دواییشیدا شەپۆلێكی پشتیوانی ناوچەیی و نێونەتەوەیی بۆ شا عەبدوڵڵا هات.

زۆری نەبرد ئەمیر حەمزە لە تۆمارێكی ڤیدیۆییدا كە كەناڵی BBCی بەریتانیایی بڵاویكردەوە، دەركەوت ئەو هێرشی كردە سەر شا عەبدوڵڵای برای، بە تاكڕۆ و سەركوتكار و گەندەڵ وەسفی كرد، دەڵێت: من بەرپرس نیم لە خراپی ئیدارەی دەوڵەت و نەمانی متمانەی خەڵك بە دەوڵەت.

ناكۆكی شا عەبدوڵڵا و ئەمیر حەمزە

ناكۆكییەكانی نێوان شا عەبدوڵڵا و ئەمیر حەمزە ڕەگ و ریشەی قوڵیان هەیە، دەگەڕێتەوە بۆ ئەو سەردەمەی كە شا عەبدوڵڵا ئەمیر حەمزەی زڕبرای كە لە ژنی چوارهەمی شا حوسێنە لە جێنشینی لابرد و حوسێنی كوڕی كە لە دایكبووی 1999یە لەشوێنی كردە جێنشین.

ئەمیر حەمزە كە چەندین پلە و پۆستی سەربازی هەبووە بەردەوام وەك رەخنەگرێكی فەرمانڕەوایەتییەكەی شا عەبدوڵڵای برای دەركەوتووە.

حوسێن كوڕی شا عەبدوڵڵا

دوورخستنەوەی برای شا لە جێنشینی ئوردن و هێنانەپێشەوەی كوڕەكەی پاشا یەكەمجار نییە.

كوڕەكەی شا سەلمان سەردەمێكی نوێ لە عەرەبستان

لە عەرەبستانی سعودیش شا سەلمان بن عەبدولعەزیز، محەمەد بن نایفی برازای لە جێنشینی دوورخستەوە و محەمەد بن سەلمانی كوڕی لە جێگەی دانا.

محەمەد بن سەلمان كوڕی شا سەلمان و جێنشینی ئێستای عەرەبستان لە دایكبووی 1985ە و وەك پاشای كرداری عەرەبستان خۆی نمایش دەكات، پێشوازی لە سەركردەكانی جیهان دەكات، بڕیاری گرنگ دەدات، گۆڕانكاری گرنگ و بێ پێشینە لەمێژووی عەرەبستاندا دەدات، بە ئۆتۆمبێلی تایبەت میوانەكانی دەباتە بیابانەكان پیاسەیان پێ دەكات.

كوڕە گەنجەكەی شا سەلمان دوای ساڵانێك ناكۆكی لەگەڵ قەتەرییەكان سەرەتای ئەمساڵ ئاشتبوونەوەی راگەیاند و شێخ تەمیم حەمەد ئەلسانی میری ئەم وڵاتەی بردە بیابانەكان بۆ پیاسە و چەند رۆژی رابردووش مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی برد.

محەمەد بن سەلمان جێشنینی عەرەبستانی سعودیە

محەمەد بن سەلمان لە سەرەتای هاتنەپێشەوەشی توانی دارودەستەكەی محەمەد بن نایفی ئامۆزای و جێنشینی پێشوو تەفروتونا بكات و كۆتاییان پێبهێنێت بە ناوی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی، چەندین جار راپۆرتی میدیایی خۆرئاوایی باسیان لە مەترسی لەسەر ژیانی بن نایف كردووە لە گرتووخانەدا.

رەنگە تەنها ئەم نمونانەش نەبینین لە مێژووی دوورخستنەوەی برا و برازاكان بۆ هاتنەپێشی كوڕەكان لە ناوچەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، كە ئاماژەكانیان دەركەوتوون، بەڵام پێویستە چاوەڕێی كات بكرێت.

لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا بنەماڵە فەرمانڕەواكان مێژووی دێرینیان هەیە، بەتایبەت گواستنەوەی دەسەڵات لە باوكەوە بۆ كوڕ و هەندێكیشیان لە براوە بۆ برا وەك عەرەبستانی سعودیە كە شا سەلمان كۆتایی بە ئەو نەریتە هێنا لە عەرەبستان.