داوای دەستپێكردنەوەی پلەبەرزكردنەوەی فەرمانبەران دەكرێت

فەرمانبەران لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان هاشتاگ ڕادەگەیەنن

سەردێر

خەڵك-
لە ساڵی 2016ەوە پلەبەرزكردنەوەی فەرمانبەرانی ڕاژەی شارستانی لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە ڕاگیراوە و لە ئێستاشدا، كە یاسای بودجە لە عیراق پەسەند كراوە و پشكی هەرێم جێگیر كراوە، فەرمانبەران و چاودێرانی مافی مرۆڤ داوای گێڕانەوەی ئەو مافە بۆ فەرمانبەران دەكەن.

ماوەی نزیكەی 6 ساڵە و لە سەرەتای ساڵی 2016ەوە بە بیانووی قەیرانی دارایی پلەبەرزكردنەوەی فەرمانبەران ڕاگیراوە لەكاتێكدا ئەو مافە بە یاسای خزمەتی شارستانی دراوە بە فەرمانبەران، بەڵام بە بڕیارێكی حكومەتی هەرێم ئەو یاسایە پەكخراوە.

لە ئێستادا، كە یاسای بودجەی عیراق پەسەند كراوە و پشكی هەرێم تێیدا جێگیر كراوە و بڕیارە پارەی مووچە بگاتە هەرێم و فەرمانبەرانیش سەرەڕای داواكاری لابردنی لێبڕینی مووچە داوا دەكەن پلەبەرزكردنەوە دەستپێبكاتەوە.

لە ئێستادا فەرمانبەران لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان هەڵمەتێكیان دەستپێكردووە بۆ هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری ڕاگرتنی پلەبەرزكردنەوە.

محەمەد گۆمەشینی، چاودێری مافی مرۆڤ بۆ (خەڵك) ئاماژەی بەوەكرد، دوای پەسەندكردنی بودجەی عێراق پێویستە حكومەتی هەرێمی كوردستان پڕۆژە یاسای بودجەی ساڵی 2021 بنێرێتە پەڕلەمان بۆ پەسەندكردنی و پلەبەرزكردنەوەی فەرمانبەرانیش بگەڕێنتەوە، كە مافێكی یاسایی فەرمانبەرانە.

ئەو چاودێرەی مافی مرۆڤ داوا لە پەڕلەمانی كوردستان دەكات، “هەڵوێستی هەبێت و فشاربكات” و جەختیشی كردۆتەوە، یەكێك لەئەركەكانی پەڕلەمان پەسندكردنی بودجەیە، چونكە لەبنەڕەتدا ڕاگڕتنی پلەبەرزكردنەوەی پێشێلكاری زەقی مافی مرۆڤە.

لای خۆشیەوە، زیاد جەبار، سەرۆكی لیژنەی دارایی لە پەڕلەەمانی كوردستان بۆ (خەڵك) وتی، “چاوەڕێ‌ دەكەین پڕۆژە یاسای بودجەی هەرێم لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە ڕەوانەی پەڕلەمان بكرێت و سەیر دەكەین بزانین حكومەت چی بڕیارێكی داوە دەربارەی پلەبەرزكردنەوەی فەرمانبەران و ئەوكات قسەی لەبارەوە دەكەین”.

لە ماوەی ڕابردوودا وەزیری دارایی و ئابووری هەرێم لەگەڵ لیژنەی دارایی پەڕلەمانی كوردستان كۆبووەوە و بڕیاردەی لیژنەكەش دەڵێت: “بڕیار دراوە دوای پەسەندكردنی بودجەی هەرێم پلەبەرزكردننەوەی فەرمانبەران دەستپێبكاتەوە”.

محەمەد سەعدەدین، بڕیاردەری لیژنەی دارایی لە پەڕلەمانی كوردستان بۆ (خەڵك) لەلێدوانێكی پێشووتریدا ڕایگەیاند، لەگەڵ وەزیری دارایی لە پەڕلەمان كۆبووینەتەوە و حكومەتی هەرێم بڕیاری داوە بۆ ئەمساڵ بودجەی خۆی هەبێت و ئامادەكارییەكانیش هەنگاوی باشی بڕیوە و لەگەڵ پەسەندكردنی بودجەی هەرێم پلەبەرزكردنەوەی فەرمانبەرانیش دەستپێدەكاتەوە.

وتیشی، “پلەبەرزكردنەوەی هێزە ئەمنییەكان و پێشمەرگە دەستی پێكردۆتەوە و تەنها فەرمانبەرانی ڕاژەی شارستانی ماون، بەم زووانە بۆ ئەوانیش دەستپێدەكاتەوە، بەڵام بە مەرج و ڕێكاری یاسایی”.

پێشتر سەرچاوەیەكی وەزارەتی دارایی هەرێم بۆ (خەڵك) ڕایگەیاندبوو، كە دوای پەسەندكردنی بودجە بەڕێكار و ڕێنمایی نوێ‌ دەست بە پلەبەرزكردنەوەی فەرمانبەران دەكرێت.