سەردێر

سزادانی شۆفێران بۆ نەبەستنی دەمامك لە سلێمانی دەستپێدەكات

خەڵك-
بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی سلێمانی هۆشداری دەداتە ئەو شۆفێرانەی دەمامك نابەستن و ڕایدەگەیەنێت، ڕێكاری یاسایی دەگیرێتەبەر و بڕیاری وەزارەتی ناوخۆ جێبەجێ‌ دەكرێت.

بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی سلێمانی لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، ئاماژە بەیانی ژمارە (١٢)ی ساڵی ٢٠٢١ی وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لەپێناو پاراستنی ئاسایشی تەندوستی و خۆپاریزی لەبڵاوبوونەوەی لەڤایرۆسی كۆرۆنا ، شۆفێری هەموو جۆرە ئۆتۆمبێلەكان (تایبەت، بارهەڵگر و كرێ) لەكاتی هەبوونی سەرنشین لەگەڵیاندا، پێویستە شۆفێر و سەرنشین پابەندبن بەبەستنی دەمامك، بەپێچەوانەوە سزا دەدرێن.

ڕاشیگەیاندووە، دوای ئەوەی لەرۆژانی رابردوودا ئەفسەران و كارمەندانی گۆڕپانەكان و بازگەكان هەستان بەڕێنمایی كردنی شۆفێران، بەتایبەتی شۆفێری هێڵەكانی گواستنەوە (پاس ‌و تەكسی) لەشۆفێر ‌و سەرنشینان، دەمامك بەكاربهێنن، لەئێستادا ڕێكاری یاسایی دەگیرێتەبەر بەرامبەر ئەو شۆفێر‌ و سەرنشینانەی كە پابەندنابن‌ و دەمامك بەكارناهێنن.

ئاماژەی بەوەشكردووە، “داوا لەشۆفێران و سەرنشینان دەكەین بۆ ئەوەی دووچاری لێپرسینەوە نەبن پابەندی بەكارھێنانی دەمامك بن”.