سەردێر

وەزارەتی ئەوقاف ڕوونكردنەوەیەك بڵاودەكاتەوە

خەڵك-
دەربارەی داخستنی مزگەوتەكان و لەبەرامبەردا ئەنجامدانی مەڕاسیمی “نوێژی جەژنی قیامە”ی مەسیحییەكان لە كەنیسەیەكی هەولێر وەزارەتی ئەوقاف ڕوونكردنەوەیەك بڵاودەكاتەوە و جەختدەكاتەوە، پابەندی گشت بریارەكانی لێژنەی باڵای بەرنگاربوونەوەی كۆرۆنا دەبین.

بەپێی بڕیاری لیژنەی باڵای ڕووبەڕووبوونەوەی كۆرۆنا لە هەرێم دەرگای سەرجەم مزگەوت و كڵێسا و شوێنە ئاینییەكان تاوەكو 1ی ئەم مانگە داخراون، بەڵام ئەنجامدانی مەڕاسیمی “نوێژی جەژنی هەستانەوە” لەلایەن مەسیحییەكانەوە لە هەولێر بووە هۆی ناڕەزایی موسڵمانان بەهۆی ئەوەی “ڕێگە بە ئەوان نادرێت بچن بۆ مزگەوت بەڵام ڕێگە بە مەسیحییەكان دراوە بۆ مەڕاسیمەكانیان”.

بەڕێوەبەرایەتی گشتی كاروباری ئایینی مەسیحیەكان لە وەزارەتی ئەوقاف لە ڕوونكردنەوەكەدا ئاماژەی بەوەكردووە، ئەنجامدانی نوێژی جەژنی قیامە بەبێ بەشداری كردنی ھاووڵاتیانی كریستیان بەڕێوەچووە و بەشێوەی ئۆنلاین بووە و سەرجەم كەنیسەكان داخراون جگە لە كەنیسەیەك نەبێت، كە تەنھا نوێژی جەژن تێدا ئەنجامدراوە.

ڕاشیگەیاندووە، داوای لێبوردن لە موسڵمانانی كوردستان و سەرجەم ئایینزاكان دەكەین، كە ئەگەر ئەم كردارە بووبێتە ھۆی بریندار كردنی ھەستیان.

ڕوونكردنەوەیەك لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی كاروباری ئایینی مەسیحیەكان

ھاوڵاتیانی ئازیزی كوردستان
لە سۆنگەی پابەندبوونمان بەبریارەكانی لێژنەی باڵای بەرەنگاربونەوی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە ھەرێمی كوردستان، جەخت لەپاراستنی ئاشتی پێكەوەژیانی ئایینی و تەبایی لە نێوان گشت ئایینەكانی كوردستان دەكەینەوە، بەرێزان، سەبارەت بە نوێژی جەژنی قیامە كە دوێنێ شەو بەرواری ٣ ی مانگی چوار بەرێوەچوو، ئەم رونكردنەوەی خوارەوە دەخەینە روو.
” ئەنجامدانی نوێژی جەژنی قیامە بەبێ بەشداری كردنی ھاوڵاتیانی كریستیان بەڕێوەچووە و بەشێوەی ئۆن لاین بووە، بۆ زانیاریتان سەرجەم كەنیسەكان داخراون جگە لە كەنیسەیەك نەبێت كە تەنھا نوێژی جەژن تێدا ئەنجامدراوە.
” لەم روانگەیەشەوە داوای لێ بوردن لە موسوڵمانانی كوردستان و سەرجەم ئایینزاكان دەكەین كەئەگەر ئەم كردارە بو بێتە ھۆی بریندار كردنی ھەستیان.
” لێرەوە جەخت دەكەینەوە كە پابەندی گشت بریارەكانی لێژنەی باڵای بەرنگاربوونەوەی كۆرۆنا دەبین و ڕێگەش نادەین هیچ كەنیسەیەك سەرپێچی بكات تا ئەو كاتەی بەفەرمی سەرجەم شوێنە ئایینەكان دەكرێنەوە. وەبەدواداچونی كارگیری خۆشمان دەكەین لە بوونی ھەر كارێك كە پێچەوانەی بریارو رێنمایەكانی لێژنەی باڵای بەرنگاربوونەوی ڤایرۆسی كۆرۆنا بێت .
خوای گەورەو میھرەبان وڵاتەكەمان و كوردستانی شیرینمان و سەرجەم پێكھاتەكانی بپارێزێت
بەڕێوەبەرایەتی گشتی كاروباری ئایینی مەسیحیەكان
٤⁄٤⁄٢٠٢١