سەردێر

خوێندنگەیەكی ئامادەیی كچان لە سلێمانی كەرەنتین كرا

خەڵك-
بەهۆی زۆربوونی ژمارەی تووشبووان بە ڤایرۆسی كۆرۆنا، خوێندنگەی ئامادەیی سلێمانی كچان دەوام و تاقیكردنەوەكانی بەتەواوی ڕاگرت.

خوێندنگەی ئامادەیی سلێمانی كچان لە هەژماری خۆی لە فەیسبووك بڵاویكردەوە، “ئاگاداری سەرجەم قۆناغەكانی خوێندن دەكەین لەرۆژی یەك شەممە بەرواری ٤/٤ ەوە دەوام ڕادەگیرێت و تاقیكردنەوە ئەنجام نادرێت بەھۆی ھەبوونی خوێندكاری توش بوو بەكۆرۆنا”.

ڕاشیگەیاندووە، لەڕێگەی پەیجەوە لەدەستپێكردنەوەی دەوام ئاگادارتان دەكەینەوە.

ئەمە لەكاتێكدایە، كە لە ئێستادا پڕۆسەی خوێندن لەناو خوێندنگەكان ڕاگیراوە و تەنها خوێندكارانی 12ی ئامادەیی دەوام دەكەن و قۆناغەكانی دیكە بۆ تاقیكردنەوەكان دەچنەوە خوێندنگە.

لە ماوەی ڕابردووشدا چەند خوێندنگەیەكی هەرێم بەهۆی هەڵكشانی ژمارەی تووشبووان بە كۆرۆنا لەناو مامۆستایان و خوێندكاران كەرەنتین كراون و دەوام تیایاندا ڕاگیراوە.