سەردێر

لاهور شێخ جەنگی: پابەندبوون بە یاسای بودجە و جێبەجێكردنی بە ئەندازەی پەسەندكردنی گرنگە

خەڵك-
هاوسەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، پەسەندكردنی یاسای بودجەی عێراق كرد و جێگریكردنی پشكی هەرێمی كوردستان بۆ چارەسەركردنی كێشە داراییەكانی نێوان ‌حكومەتی هەرێم و ‌حكومەتی فیدراڵی زۆر گرنگە.

ئەمڕۆ یەك شەممە ٤ـی٤ـی٢٠٢١، لاهور شێخ جەنگی، هاوسەرۆكی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان لە شاری سلێمانی پێشوازی كرد لە جەیمس سۆرنتن، كونسڵی گشتی بەریتانیا لە هەرێمی كوردستان و شاندێكی هاوڕێی.

بەپێی ڕاگەیەنراوێكی سەرۆكایەتی یەكێتی، “لە دیدارێكدا گفتۆگۆ كرا دەربارەی دۆخی سیاسی و ئابووری و ئەمنی عێراق و هەرێمی كوردستان و پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوولا”.

لاهور شێخ جەنگی ئاماژەی بە پەسەندكردنی یاسای بودجەی عێراق كرد و جێگریكردنی پشكی هەرێمی كوردستانی لەو بودجەیەدا بە هەنگاوێكی گرنگ زانی بۆ چارەسەركردنی كێشە داراییەكانی نێوان ‌حكومەتی هەرێم و ‌حكومەتی فیدراڵی و وتی، “پابەندبوون بەو یاسایە و جێبەجێكردنی بە ئەندازەی پەسەندكردنی بودجەكە گرنگە”.

جەختیشی كردەوە، یاسای بودجە دەبێتە مایەی سەقامگیری سیاسی و ئابووری و گەڕاندنەوەی مووچەی فەرمانبەران بۆ دۆخی ئاسایی خۆی بە بێ لێبڕین و باشكردنی گوزەرانی هاووڵاتییان.

لاهور شێخ جەنگی ویستی سەرۆكایەتیی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستانی دووپاتكردەوە بۆ چاكسازی لە نێو هێزی پێشمەرگەی كوردستان بۆ ئەوەی كوردستانیش ببێت بە خاوەنی یەك هێزی یەكگرتووی نیشتیمانی.

هاوسەرۆكی یەكێتی ئاماژەی بە بەردەوامی مەترسییەكانی چەكدارانی داعش كرد و ڕایگەیاند، ئەنجامدانی هەڵمەتێكی هاوبەشی هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراقی پێویستە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی جموجۆڵی چەكدارانی داعش بە تایبەت لە سنووری ناوچە دابڕێندراوەكان.

لای خۆیەوە كونسڵی گشتی بەریتانیا لە هەرێمی كوردستان پیرۆزبایی پەسەندكردنی بودجەی كرد و سوپاسی هاوسەرۆكی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان و هەموو ئەو كەس و لایەنانەی كرد، كە ڕۆڵیان بینوە بۆ گەیشتن بە ڕێككەوتن لەسەر بودجە.