سەردێر

ململانێی ئێران و ئەمریكا هەڕەشە لە عێراق دەكات

مەترسی هەیە ئابووری عێراق هاوشێوەی لوبنان دابڕووخێـت

خەڵك-

چاودێرێكی سیاسی ڕایدەگەیەنێت، دانیشتوانی عێراق باجی ململانێكانی ئەمریكا و ئێران دەدەن.
هەرچەندە هەرێم و بەغدا ڕێكەوتوون لەسەر بودجەی عێراق، بەڵام بەشێك لە چاودێریان پێیانوایە ڕێكەوتنەكە لەبەرژەوەندی هاووڵاتیان نییە، چونكە لەگەڵ زۆری داهاتەكانی عێراق هیچ سوودێكی بۆ دانیشتوان نییە، هاوكات بەرزبوونەوەی نرخی شمەك و كاڵاكان بەردەوامە و لایەنی بەرپرسی جگە لە لێدوانی ئیدانەكردن و ڕێگاگرتن هیچ توانhیەكیان نییە بەسەر بازاڕی عێراق و هەرێمدا.

عەبدوڵڵا ڕێشاوی چاودێری سیاسی بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، ململانێیەكی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی و هەرێمی لە عێراق هەیە، ئەم ململانێیە بووە بە كێشەیەكی گەورە بۆ عێراق هەم وەكو دەوڵەتێك، هەم بۆ خەڵكی عێراقیش بەتایبەتی لەڕووی ئابوورییەوە.
وتیشی”خەڵكی عێراق مەترسی ئەوەیان هەیە كە دۆخی ئابووری عێراق تێكبچێت و داڕوخێت و خراپتر ببێت هاوشێوەی لوبنان، ئەمیش هۆكەی تەنها ئەو ململانێیە كە لەنێوان ئەمریكا و ئێران و هێزە ناوخۆییەكانەوە هەیە و خەڵكی عێراق بە هەرێمەوە باجی ئەم ململانێیە دەدەن”.

ئاشكراشیكرد، بابەتی دۆلار، جگە لە ململانێیەكی نێوان ئەمریكا و ئێران و ئەم حكومەتەی ئێستا هیچ بابەتێكی تر نییە، بۆ نمونە ئەم حكومەتە نەیتوانی ڕێگا لە ئێران بگرێت دۆلار بباتە دەرەوە، هات نرخەكەی بەرز كردەوە و خستنەبازاڕی كەم كردوەوە لە بازاڕ، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت ئەم دەوڵەتە هیچ سەروەری بەسەر خۆیدا نییە و ئەم كارانە دەكات كە دواجار باجەكەی خەڵك دەیدات.