سەردێر

لە دوای ریفراندۆم،هەرێم یەكەم یاری لە بەغدا بردەوە

هەرێم شكستی بە زنجیرە هەوڵەكانی بچووككردنەوەی قەوارەی هەرێم هێنا كە لە 2017وە دەستیپێكردبوو

خەڵك- تەنیا هەورامی

هەرێمی كوردستان سەروەری خۆی بە دەستهێنایەوە لە فرۆشتنی نەوت بەشێوەیەكی یاسایی بەهۆی پەسەندكردنی پرۆژە یاسای بودجەوە، ئەمەش دوای ئەو هەوڵانە هات كە دران بۆ دەرهێنانی دۆسێی نەوت لە ژێر دەستی هەرێمی كوردستاندا.

چاودێران ئەم هەنگاوە بە سەركەوتنێك بۆ هەرێمی كوردستان وەسف دەكەن لە دوای ئەو زنجیرە هەوڵانەی لە دوای ریفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێمی كوردستان لە 2017وە بۆ بچووكردنەوە یان نەهێشتنی قەوارەی هەرێمی كوردستان دەستیانپێكردبوو.

دوای دەیان كۆبوونەوەی نێوان شاندی هەرێمی كوردستان و لایەنە پەیوەندیدارەكانی عێراق، دواجار بودجەی عێراق لە پەڕلەمان پەسەند كرا، ئەمەش لەكاتێكدایە دەنگۆی لاوازكردنی پێگەی هەرێم لەلایەن لایەنە سیاسییەكان و وڵاتانی هەرێم لە ئارادابوو، ئەویش بە لێسەندنەوەی مەلەفی نەوت و ڕادەستكردنی بە بەغدا.

عەبدولسەلام بەرواری چاودێری سیاسی و پەڕلەمانتاری پێشووی پارتی بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، گرنگترین بابەت سەركەوتنی ئەو ڕێبازە بوو حكومەتی هەرێم گرتییەبەر كە گفتوگۆ و دانیشتن بوو كە گرنگترە لە هەر ڕێگایەكیتر، لەگەڵ پابەندبوونی حكومەتی هەرێم بە داخوازی و مافە دەستوورییەكان كە پاشەكشەی لەسەر نەكرا.

دەشڵێت “بێگومان لە دەقێكی یاسایی باسی بەرهەمهێنانی نەوتی هەرێم كراوە لەلایەن خودی حكومەتی هەرێمەوە، كە ئەوە سەلماندنی هەڵوێستی دروستی ئێمەیە، دانپێدانانە بە مافی دەستووری هەرێم بۆ بەڕێوەبردنی مەلەفی نەوت”.

ئاشكراشیكرد، ڕێككەوتنەكە گرنگییەكیتری هەیە كە دروستكردنی ژینگەیەكە بۆ بەردەوامی گفتوگۆكان، هیوادارین كاریگەری هەبێت لەسەر كێشەكانی مادەی 140 و دۆخی ئەمنی ناوچە كێشە لەسەرەكان و چەندین بابەتی تر كە جێگای مشتومڕن.

سەبارەت بە جێبەجێكردنی ئەنجامی كۆبوونەوەكان، ناوبراو ڕوونیكردەوە، هەمووجار حكومەتی هەرێم بە گوناهبار دەزانین، بەڵام درێغی نەكردووە، چونكە ئەگەر بەغدا پابەند نەبێت بە دەستوورەوە، ئێمە هەرچی بكەین هیچ سوودی نابێت.

سەبارەت بە هەوڵی سەركردایەتی سیاسی كورد بۆدووبارە نەبوونەوەی ئەگەری لەم شێوەیە، بەرواری ڕایگەیاند، ئەم ژینگەیەی ئێستا هاتووەتە بەرهەم تەنها ڕێگایە بۆ ئەوەی جارێكیتر ڕێگر بێت لە دروستبوونی بابەتی لەو شێوەیە كە جارێكیتر هەڵمەتێكی تر دژی هەرێم دەستپێبكەن، ئەوەش هەمووی بەندە بەو ناكۆكییە هەرێمیانەی عێراق تووشی بووە.