سەردێر

هەدەپە: ئەكەپە پارچە پارچە بوو

خەڵك-

ئەندامێكی پەرلەمانی توركیا لە فڕاكسیۆنی هەدەپە لەسنووری شرناخ ڕایگەیاند، لەساڵی ٢٠١٥ەوە تاوەكو ئێستا بەداخەوە توركیا و دەسەڵاتداری ئەكەپە سیاسەتێكی خراپ بەرامبەر بەگەلی كورد دەكات نەك بەتەنها هەدەپە، بەهەزاران كەس دەستگیركراون و فشاری زۆر لەسەر كورد دەكەن بۆ ئەوەی سیاسەتی لێ قەدەغە بكەن، ئەمەش بڕیار و ڕێنمایی سیاسییە و هاوسەرۆكی پێشوومان و دەیان پەڕلەمانتاریشمان لەزیندانەكانن تائێستا، كە بڕیارەكانیش یاسایی نین و تائێستاش دەستگیركردنی ئەندامان و پەڕلەمانتارانمان بەردەوامە.

حوسێن كاچماس، دەشڵێت، ئەم چەند ساڵە هاوشێوەی ١٠٠ ساڵی ڕابردوو دژایەتی گەلی كورد دەكرێت و ٦٨٧ كەسیش قەدەغەی سیاسەتیان لێكراوە یەكێك لەوانەش منم.

رونیشیكردەوە هۆكاری ئەو دژایەتیەش لەهەڵبژاردنەكان ئەوەیە كە هەدەپە هۆكاری ئەوەبوو ئەك پارتی بەتەنها نەتوانێت بچێتە دەسەڵات، لە ٢٠١٩ش بەشێكی زۆر لەشارەوانی شارە گەورەكانی بەهەڵبژاردن لەژێر دەستی ئەكەپە دەرهێنا، ئەمەش بەسیاسەت و ستراتیژی هەدەپە بووە، لەبەر ئەوە ئێستا دەسەڵاتدارانی توركیا داهاتووی خۆیان بەڕەشبینی دەبینن لەسیاسەتدا.

ئەوەشی خستەڕوو، ئەكەپە لەهەوڵدایە لە ٢٠٢٣ دەنگ بهێنێت و بەتەنها سەربكەوێت بۆ دەسەڵات، بەڵام هەتا سیاستمەدارانی هەدەپە هەبن ئەو كارە بۆ ئەوان ئەستەمە، لەبەر ئەوەی بەبڕیاری سیاسی و دوور لەیاسا دژایەتیمان دەكرێت، دادگای دەستووری توركیاش بڕیاری داخستنی هەدەپەی ڕەت كردۆتەوە بەڵام دەسەڵاتدارانی توركیا بەردەوامن لە فشارەكانیان.

باسی لەوەشكرد، ئێمە لەگەڵ دەستپێكردنەوەی پڕۆسەی ئاشتین، ئێمەش لەسەر سیاسەتی خۆمان بەردەوام دەبین لەكارەكانمان سەڕەڕای فشارەكان، ئەكەپە دەیویست هەدەپە پارچە پارچە بكات بەڵام خۆیان بوون بە سێ پارچە، هەموو فشارەكانیش هۆكارەكەی بۆ دەستكەوتەكانی گەلی كوردە.