سەردێر

هۆشداری دەدرێتە جوتیاران

رێژەی ئاو زۆر كەمبووەتەوە

خەڵك-تەنیا هەورامی

بەهۆی كەمی رێژەی باران بارین لە ئەمساڵدا ئاوی بەنداوەكان و چۆم و كانیاوەكان زۆر دابەزیوە، بۆیە مەترسی بۆ سەر بەرهەمی ئەمساڵی جوتیاران دروست بووە.

ڕەحمان خانی بەڕێوەبەری بەنداوی دەربەندیخان بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، ئەمساڵ ئاستی ئاو زۆر كەمە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو.

وتیشی”نزیكەی شەش مەتر و نیو ئاستی ئاوی بەنداوی دەربەندیخان دابەزیوە، بەراورد بە ساڵی ڕابردوو و كەمی كردووە، ئەو ئاوەشی خەزنمان كردووە زۆر كەمە لەچاو ساڵانی رابردوو”.

سەبارەت بە چۆنێتی بەردانەوەی ئاوی بەنداوەكە، ڕەحمان خانی ڕایگەیاند، دەوەستین تاكو مانگی پێنج و سەرەتای مانگی شەش، تاكو كۆتایی وەرزی خەزنكردنی ئاو و بەرنامەی هاوینەشمان لە 1-6 دەستپێدەكات و بەدڵنیاییەوە ئەو ئاوەی بەریدەدەینەوە كەمتر دەبێت بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو، بەڵام هەوڵ دەدەین بەپێی ئەو ئاوەی هەمانە لانی كەم پێویستییەكانی خەڵك لە خوارەوە دابین بكەین.

راشیگەیاند پێویستە هاووڵاتیان و جوتیاران ئاگاداری ئەوە بن كە ئەمساڵ ئاو كەمە و دەبێت بزانن چ جۆرە بەرهەمێك دەكەن، ئێمە ئەگەر بەشی خواردنەوە و پێویستییەكانی خەڵك ئاو دابین بكەین زۆر باشە.

بەهۆی كەمی ژمارەی بەنداوەكان لە هەرێمی كوردستان، ساڵانە جوتیاران پشت بە بڕی باران بارین و رێژەی چۆم و كانی و كارێزەكان دەبەستن، هەر ساڵێكیش رێژەی باران بارین كەم بێت، مەترسی بۆ سەر بەرهەمی جوتیاران دروست دەبێت.

لە هەرێمی كوردستان سێ بەنداوی سەرەكی دوكان و دەربەندیخان و دهۆك هەن لەگەڵ ژمارەیەك بەنداوی دیكەی بچووك، پرۆژەی چەند بەنداوێكی دیكەش هەبوون، بەڵام شكستیان خواردووە یان هەر جێبەجێنەكراون.