سەردێر

پشتیوانی هەرێمی و نێودەوڵەتی بۆ شا عەبدوڵڵا ڕاگەیەنرا

خەڵك-

لە دوای هەوڵی كودێتاكەی ئوردن لەسەر ئاستی هەرێمی و جیهانی پشتیوانی بۆ شا عەبدوڵڵای ئوردن رادەگەیەنرێت.

شەوی رابردوو حكومەتی ئوردن دەستگیركردنی زیاد لە 20 بەرپرس و كەسایەتی لە ئوردن راگەیاند بەهۆی ئەوەی مەترسیان بۆسەر سەقامگیری و ئاسایش لە ئەو وڵاتەدا دروستكردووە.

بەپێی راپۆرتی رۆژنامەی واشنتن پۆستی ئەمریكایی حەمزە بن حسێن برای شا عەبدوڵڵا لەگەڵ كۆمەڵێك سەرۆك خێڵ و كەسی ئەمنی هەوڵی كودێتای داوە.

لە بەرامبەردا كۆمكاری عەرەبی پشتیوانی بۆ رێوشوێنەكانی شا عەبدوڵڵا راگەیاند بۆ پارێزگاری لە سەقامگیری.

ئەحمەد ئەبو غەیت ئەمینداری كۆمكاری عەرەبی لە راگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوە دا لە پاڵ رێوشوێنەكانی سەركردایەتی ئوردن رادەوەستن.

ئەمینداری ئەنجومەنی هاریكاری كەنداو نایف حجرف دەڵێت: ئەنجومەنی هاریكاری كەنداو رادەوەستێت لەگەڵ ئوردن بۆ سەرجەم رێوشوێنەكان بۆ پارێزگاری لە سەقامگیری.

هەریەكە لە عەرەبستانی سعودی، ئیمارات، كوێت، بەحرێن، میسر، عێراق، پشتیوانی خۆیان بۆ عەمان راگەیاند.

لای خۆیەوە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا لە راگەیەنراوێكدا رایگەیاند شا عەبدوڵڵا هاوبەشی بنەڕەتی ئەمریكایە و پشتیوانی تەواوەتی دەكەین.