سەردێر

لە سلێمانی بەستنی زۆرەملێی دەمامک دەستیپێكرد

خەڵك-

دوای بڕیاری توندكردنەوەی ڕێكارەكانی تەندروستی لەلایەن لیژنەی باڵای ڕووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە هەرێم، ئەمڕۆ بەستنی دەمامك كرایە زۆرەملێ.

بەپێی زانیارییەكانی (خەڵك) ئەمڕۆ یەك شەممە مەفرەزەی هێزە ئەمنییەكان و هاتوچۆ لە چەند ناوچەیەكی شاری سلێمانی بڵاوەیان پێكراوەو داوا لە شۆفێران دەكەن كە دەمامك ببەستن و هەر شۆفێرێكیش كە سەرنشینی لەگەڵ بێت دەمامكی نەبەستبێت سزای دەدەن.

بەپێی بڕیارەكە، هەر ئۆتۆمبێلێك ئەگەر تەنها شۆفێرەكەی تێدا بێت دەمامكیش نەبەستێت ئاساییە، بەڵام لەگەڵ بوونی هەر سەرنشینێك لێپرسینەوەی لەگەڵ دەكرێت.

ئەمەش لەكاتێكدایە لە چەند ڕۆژی ڕابردوو دەرگای قوتابخانە و مزگەوت و كەنیسەكان داخران و داواش دەكرێت ئەو ناوچانەی كە قەرەباڵغی دروست دەكەن دابخرێنن بەتایبەت كافریا و یانە شەوانە و چێشتخانەكان.