سەردێر

“داهاتی هەرێم %50 زیادیكردووە”

خەڵك

پسپۆڕێكی كارگێڕی و ئابووری دەڵێت داهاتی حكومەتی هەرێم %50 زیادی كردووە و ئەگەر ویستی هەبێت دەتوانێت مووچەی فەرمانبەران لەكاتی خۆیدا و بەبێ‌ لێبڕین دابەشبكات.

كاروان حەمە ساڵح، چاودێری سیاسی و پسپۆڕی كارگێڕی و ئابووری بە (خەڵك) ی ڕاگەیاند، بەپێی ئەو ژمارانەی لەبەر دەستن ئەگەر هەرێم ویستی هەبێت دەتوانێ‌ لە كاتی خۆیدا و بەبێ‌ لێبڕین مووچەی فەرمانبەران دابەشبكات ، چونكە لەچەند ڕوویەكەوە داهاتەكەی زیادی كردووە بەهۆی بەرزبوونەوەی بەهای دۆلارەوە هەردوو داهاتی گومرك و نەوت زیادی كردووە چونكە هەردووكیان بە دۆلارن.

ئاماژەی بەوەشكرد، لەماوەی ڕابردووشدا بەهۆی كەمبوونەوەی كاریگەریەكانی كۆرۆنا جموجۆڵی بازرگانی زیادیكردووە و بەكۆی گشتی داهاتی هەرێمی كوردستان %50 زیادیكردووە.

وتیشی، ئەوەی بۆ هاووڵاتیان گرنگە جێبەجێكردنی بودجەیە وەك خۆی و ئەنجامدانی پڕۆژەكانی وەبەرهێنان و دەستەبەركردنی قەرزی حكومیە بۆ هاووڵاتیان و پێویستە هەردوو حكومەتی عێراق و هەرێمی كوردستان ئەو پارانەی لەبەردەستیانە بەشێكی باشی بۆ وەبەرهێنان تەرخانبكەن و هەروەها پشتیوانی لە خاوەنكاران و ئەو پڕۆژانە بكەن كەدەبننە هۆی زیادكردنی بەرهەمی ناوخۆیی.

سەبارەت بەوەی كە پەرلەمانتاری عێراق ئەرشەد ساڵحی لەبەیاننامەیەكدا داوای لە حكومەتی وڵاتەكەی كردبوو كە مووچەی مانگەكانی داهاتووی فەرمانبەرانی بە دۆلار دابەشبكات كاروان حەمەساڵح وتی، هەموو وڵاتێك مووچەی فەرمانبەرانی بە دراوی وڵاتەكەی دابین دەكات و دابەشكردنی مووچە بە دۆلار ئەگەر بە هەمان بڕ بێت واتە نرخی دینار بەرامبەر دۆلار 147 هەزار بێت ، هیچ لە دۆخی هاووڵاتیان ناگۆڕێت و زۆرێك لە لێدوانەكان بۆ موزایەدەی هەڵبژاردنە و هیچ بنەمایەكی زانستیان نییە.

ئاماژەی بەوەشكرد، ئازایانە عێراق نەیهێشتووە مووچەی فەرمانبەرانی لێبڕینی تێبكەوێت وەك ئەوەی كە لە هەرێم هەیە و حكومەتی هەێم تا ئێستا دانی نەناوە بە ویستی چاكسازیدا بۆیە لێبڕینی مووچە بەردەوامەو دەبێت هەنگاوی جدی بنرێت لەو بارەیەوەو گرەو لەسەر چاوەڕوانی هاووڵاتیان و بەرزبوونەوەی نرخی نەوت نەكەن ئەگەر نا ئەم دۆخە نەك تەنها بەقازانجی هاووڵاتیان نییە بەڵكو بە قازانجی حكومەتیش نییە و شڵەژانی دارایی هێشتا بەردەوامە لە هەرێم.