سەردێر

هەردوو هاوسەرۆك و قوباد تاڵەبانی لە مێرگەپان لەگەڵ بەرهەم ساڵح كۆبوونەوە

خەڵك
هەر دوو هاوسەرۆكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان و جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ناوچەی گەشتیاریی مێرگەپانی شاری سلێمانی لەگەڵ سەرۆك كۆماری عیراق كۆبونەوە و بیروڕایان دەربارەی دوا پێشهاتە سیاسی و ئابورییەكانی عێراق و هەرێم ئاڵوگۆڕ كرد.

لاهور شێخ جەنگی ، هاوسەرۆكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لەهەژماری تایبەتی خۆی ڕایگەیاندووە، لەگەڵ هاوسەرۆك بافڵ تاڵەبانی و كاك قوباد تاڵەبانی ، جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ناوچەی گەشتیاریی مێرگەپانی شاری سلێمانی سەردانی د.بەرهەم ئە‌‌حمەد ساڵح، سەرۆككۆماری عێراقمان كرد.

دەشڵێت،” لە دیدارێكدا بیروڕایان ئاڵوگۆڕ كرد دەربارەی دوا پێشهاتە سیاسی و ئابورییەكانی عێراق و هەرێمی كوردستان بە تایبەت مەسەلەی پەسەندكردنی بودجەی گشتیی عێراق و جێگیركردنی پشكی كورد لەو بودجەیەدا”.

ڕاشیگەیاندووە، سوپاسی هەوڵ و هەنگاوەكانی دكتۆر بەرهەم ساڵحمان كرد، كە ڕۆڵێكی نیشتیمانی و یەكلاكەرەوەی بینی لە لێكنزیككردنەوەی بیروبۆچوونە جیاوازەكان و پەسەندكردنی پڕۆژەیاسای گشتیی بودجەی عێراق لە پەڕلەمان و جێگیركردنی پشكی هەرێمی كوردستان لەو بودجەیەدا.

جەختمان كردەوە، كە پەسەندكردنی بودجە هەنگاوێكی گرنگە بە ئاڕاستەی باشتركردنی ژیان و گوزەرانی خەڵك و كۆتاییهێنان بە لێبڕینی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم و بوژاندنەوەی كەرتی ئابووری.

دوپاتمان كردەوە، كە پابەندبوون بە یاسای بودجە دەبێتە مایەی ئیستیقراریی ئابووری و كۆتاییهێنان بەو كێشە داراییانەی كە ماوەیەكی زۆرە بەرۆكی خەڵك و موچەخۆرانی گرتبوو.