سەردێر

“چاوپۆشی لە هیچ كەسێك ناكرێت سەرپێچی بكات”

خەڵك
پارێزگاری هەولێر ڕایگەیاند، بەهیچ شێوەیەك نابێت چاوپۆشی لەهیچ كەس و لایەنێك بكرێت سەرپێچی و زێدەڕۆیی لەسەر موڵكی گشتیی و ناوچە سەوزاییەكان ئەنجام بدات.

ئەمڕۆ شەممە پارێزگاری هەولێر لە دیوانی پارێزگا، لەگەڵ سەرۆكایەتی و بەڕێوەبەرایەتی گشتیی شارەوانییەكان و سەرجەم فەرمانگەكانی شارەوانی كۆبووەوە.

لە كۆبوونەوەكەدا ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر ڕایگەیاند، باسمان لە ئاوی ماڵان و كەمیی ئاوی گەڕەكەكان كرد و جەختمان لەسەر ئەوە كردەوە كە بۆ هاوینی ئەمساڵ نامانەوێت كەمترین كێشە و گرفتی كەمیی ئاو هەبێت.

وتیشی، “بەهیچ شێوەیەك نابێت چاوپۆشی لەهیچ كەس و لایەنێك بكرێت سەرپێچی و زێدەڕۆیی لەسەر موڵكی گشتیی و ناوچەی سەوزاییەكان ئەنجام بدات”.

سەبارەت بە سەربڕینی ئاژەڵ لەسەر شەقامەكان پارێزگاری هەولێر ئاماژەی بەوەكرد، “شارەوانییەكانمان ڕاسپارد لە زووترین كاتدا كۆتایی بەو حاڵەتە بهێنن و بەهەموو شێوەیەك سەربرینی ئاژەڵ لەسەر شەقامەكان قەدەغەیە و هەركەس ئەنجامی بدات ڕێكاری یاسایی لەبەرامبەردا بگرنەبەر”.