(خەڵك) پلانی نوێی پەروەردە بۆ پڕۆسەی خوێندن ئاشكرا دەكات

سەردێر

خەڵك-

سەرۆكی یەكێتی مامۆستایانی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، كۆرۆنا بۆتە بابەتێكی جیهانی و ناتوانین خۆمانی لێبەدوور بگرین و دەشڵێت: “زەحمەتە دەرگای خوێندنگەكان بكرێنەوە”.

بەهۆی بڵاوبوونەوەی زیاتری ڤایرۆسی كۆرۆنا لە هەرێمی كوردستان، دەرگای خوێندنگەكانی بۆ جارێكی دیكە داخران و هیچ ڕوئیایەكیش نییە بۆ دووبارە كردنەوەی دەرگای خوێندنگەكان.

ئەحمەد گەرمیانی، سەرۆكی یەكێتی مامۆستایانی كوردستان بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، بەو بارودۆخە سەختەی هەرێمی پێداتێپەڕدەبێت بەهۆی بەرزبوونەوەی ژمارەی تووشبووان بە ڤایرۆسی كۆرۆنا زەحمەتە دەرگای خوێندنگەكان بكرێنەوە، چونكە ڕۆژ بە ڕۆژ دەرگای شوێنە گشتییەكان دادەخرێن بۆ ئەوەی قەڕەباڵغی دروست نەبێت.

وتیشی، “بۆ پڕۆسەی خوێندن، ئەگەری هەیە پەنا ببرێت بۆ خوێندنی ئەلیكترۆنی و لە وەزارەتی خوێندنی باڵاش دەستیان بەو بابەتە كردووە، وەزارەتی پەروەردەش ناچار دەبێت پەنا ببات بۆ خوێندنی ئەلیكترۆنی”.

سەبارەت بە شكستی خوێندنی ئەلیكترۆنی لە ڕابردوودا لە هەرێمی كوردستان ناوبراو ئاشكراشیكرد، پێموانییە شكستی هێنابێت، چونكە كەسمان جددی نەبووین لەسەر ئەو بابەتە، ئەوكاتەش بایكۆتی مامۆستایان بوو لە سلێمانی و گەرمیان و ڕاپەڕین و هیوایەكیش هەبوو بۆ ئەوەی نەخۆشیەكە كەم ببێتەوە و خوێندن لە ناوەندەكان دەستپێبكاتەوە، خوێندنی ئەلیكترۆنیش لە خوێندنگە ئەهلییەكان سەركەوتوو بووە.

ڕوونیشیكردەوە، ئەگەر وەزارەتی پەروەردە پلانێكی باشی هەبێت و لەلایەكی تریشەوە مامۆستایان و كەسوكاری خوێندكاران پاڵپشت بن بۆ ئەو بابەتە، دەتوانین بڵێن 70% سوودی لێوەردەگرین، لەبەرئەوەی بۆتە شتێكی جیهانی و ناتوانین خۆمانی لێبشارینەوە.

جەختی لەوەش كردەوە، دەكرێت كەموكورتییەكان پڕ بكرێنەوە و ناوچە دوورەكانیش، كە هێڵی ئینتەرنێتیان نییە دەبێت چارەسەریان بۆ بدۆزرێتەوە، یان ئەوانەی قەڕەباڵغیان نییە چەند ڕۆژێك دەوام بكەن.