سەردێر

گەشتی ئاسمانی نێوان عیراق و چین دەستپێدەكاتەوە

خەڵك-
وەزارەتی گواستنەوەی عیراق ئاشكرای دەكات، گەشتە ئاسمانییەكان لەگەڵ وڵاتی چین دەستپێدەكاتەوە و هاوكات ئاڵوگۆڕی بازرگانی دەستپێدەكاتەوە.

وەزارەتی گواستنەوەی عیراق لە بەیاننامەیەكدا ئاماژەی بەوەكردووە، بە سەرپەرشتی ڕاستەوخۆی ناصر حسێن، وەزیری گواستنەوە و كیفاح حەسەن، بەڕێوەبەری گشتی هێڵی فڕۆكەوانی سەرجەم ڕەزامەندییەكان وەرگیراون بۆ دەستپێكردنەوەی گەشتی ئاسمانی نێوان عیراق و چین.

ڕاشیگەیاندووە، ڕەزامەندی دراوە لەسەر پەیڕەو كردنی سەرجەم مەرجە تەندروستیە كارپێكراوەكان لەلایەن دەسەلاتدارانی تەندروستی چینەوە و پەیڕەوكردنی ڕێكاری نوێ‌ بۆ گەشتكردنی عیراقییەكان بۆ چین.

ئاماژەی بەوەشكردووە، بەشێكی كورسییەكانی گەشت بۆ ئەو عیراقییانە تەرخان دەكرێت، كە ڕەزامەندی ڤیزە و ڕێكارەكانیان وەرگرتووە بۆ چوونە ناو خاكی چین.

ئاشكراشی كردووە، سەرەتا لە هەفتەیەكدا یەك گەشت ئەنجام دەدرێت و كاریش دەكرێت بۆ زیادكردنی ژمارەی گەشتەكان تاوەكو زۆرترین گەشتیار لەخۆی بگرێت.

وەزارەتی گواستنەوەی عیراق جەختیشی كردۆتەوە، كاریش دەكرێت بۆ دەستپێكردنەوەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی ئاسمانی و گواستنەوەی كاڵاكان، كە گرنگی فراوانیان هەیە لە زیادكردنی قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان هەردوو وڵات.