سەردێر

ئێران، زیاتر لە 11 هەزار كەس تووشی كۆرۆنابوون

خەڵك-

وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی ئێران ڕایدەگەیەنێت، لە 24 كاتژمێری ڕابردوودا 11420 كەس تووشی كۆرۆنا بوون.

سیما سادات لاری وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی ئێران لە كۆنفڕانسێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، لە 24 كاتژمێری ڕابردوودا 11420 كەس لە ئێران تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بوون و 123 كەسیش گیانیان لە دەستداوە.

وتیشی”لە سەرەتای دەركەوتنی ڤایرۆسەكە تاكو ئەمڕۆ ملیۆنێك و 920 هەزار و 394 كەس لە ئێران تووشی كۆرۆنا بوون”.

ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد، هەر بەهۆی ڤایرۆسەكەوە تا ئێستا 62 هەزار و 999 كەس لە ئێران گیانیان لە دەستداوە.

ئاشكراشیكرد، لە ئێستادا 173 شار و شارۆچكەی ئێران مەترسی زۆریان لەسەرە و هاتوچۆ بۆ ئەو شارانە قەدەغە كراوە.

ئەمەش لەكاتێكدایە، ئەمڕۆ شەممە حەسەن ڕۆحانی سەرۆك كۆماری ئێران ڕایگەیاند، دوو پارێزگای ئێران مەترسی زۆر گەورەیان لەسەرە و ئەگەر بە خێرایی ڕووبەڕووی نەبینەوە شەپۆلی چوارەمی كۆرۆنا هەموو وڵات دەگرێتەوە.