خەڵك-
لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی شوێنەكان پابەندی ڕێنماییەكانی خۆپارێزی دەكەن و بڕیارە لە سبەینێوە هەر كەس دەمامكی نەبەستبێت سزابدرێت.
هەفتەی ڕابردوو، لیژنەی ئۆپراسیۆنەكانی سلێمانی دژی كۆرۆنا كۆبووەوە و ژمارەیەك بڕیاری دەركرد، كە تێیدا بڕیار دراوە بۆ 3 ڕۆژ هەڵمەتی هۆشیاری بۆ بەستنی دەمامك ئەنجام بدرێت و لە 4ی نیسانەوە هەر كەسێك پابەندی بەستنی دەمامك نەبێت بەپێی بڕیاری لیژنەی باڵای ڕووبەڕووبوونەوەی كۆرۆنا لە هەرێم سزا بدرێت.
بەپێی ڕاگەیەنراوێكی قائیمقامیەتی سلێمانی، ئەمڕۆ لیژنە هاوبەشەكان بەهاوكاری هێزە ئەمنییەكان و لیژنەكانی تەندروستی، گەشتوگوزار، چاودێری بازرگانی و شارەوانی سلێمانی دەستیان بە پابەند كردنی هاووڵاتیان و دوكان و شوێنەكان كردووە بۆ بەستنی دەمامك.
ڕاشیگەیاندووە، ئامانج لە هەڵمەتەكە پاراستنی تەندروستی هاووڵاتیان و ڕێگریكردنە لە زیاتر بڵاوبوونەوەی كۆرۆنا و كەمكردنەوەی قەرەباڵغی.
جەختیشی كردۆتەوە، بڕیارە نوێیەكانی لیژنەی باڵای ئۆپراسیۆنەكانی خۆپارێزی لە پارێزگای سلێمانی، جێبەجێ دەكەن.