سەردێر

بۆچی عیراق ناچار بوو بەهای دینار بەرامبەر دۆلار دابەزێنێت؟

خەڵك-

سەركردەیەكی باڵای شیعەكانی عیراق نهێنی دابەزینی بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار لەلایەن حكومەت و بانكی ناوەندی عیراقەوە ئاشكرادەكات و دەڵێت: “دراوی نوێ‌ چاپكراوە”.

قەیس خەزعەلی، ئەمینداری گشتی عەسائیبی ئەهلی حەق لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، “ساڵی ڕابردوو حکومەتی عێراق بێ هیچ پاڵپشتییەکی دارایی پارەی نوێی چاپ کردووە، هەربۆیە ئەمساڵ ناچاربوو بەهای دینار بەرامبەر بەدۆلار دابەزێنێت”.

ڕاشیگەیاندووە، دەبێت لێکۆڵینەوە لەوەدا بکرێت، کە بۆچی حکومەت بێ بوونی پاڵپشتی دارایی بە دۆلار، دراوی نوێی چاپ کردووە.

لە كۆتاییەكانی ساڵی 2020دا حكومەتی عیراق بڕیاریدا بەهای یەك دۆلار بۆ 1450 دینار بەرزبكاتەوە و بودجەش هەر لەسەر ئەو بنەمایە داڕێژرایەوە و ئەوەش بووە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی سەرجەم كاڵا و خۆراكەكان و بەوهۆیەوە ناڕەزایی زۆر لەناو هاووڵاتیان و بەشێكی كوتلە سیاسییەكانی عیراق دروست بوو، بەڵام دواجار پەڕلەمان بەو نرخەوە بودجەی پەسەندكرد.