سەردێر

بەرپرسێكی تەندروستی: با چیتر چاوەڕوانى ئامارەكانى مردن نەكەین

داوا لە حكومەت دەكات پەلە بكات لە كڕینی ڤاكسینی كۆرۆنا

خەڵك-
جێگری بەڕێوەبەری فەرمانگەی تەندروستی سلێمانی، داوای لە حكومەت دەكات پەلە بكات لە كڕینی ڤاكسینی دژە ڤایرۆسی كۆرۆنا و چیتر چاوەڕوانی بەرزبوونەوەی ئاماری مردنی هاونیشتمانیان نەكات.

د.هێرش سەید سەلیم، جێگری بەڕێوەبەری فەرمانگەی تەندروستی سلێمانی لە نوسینێكیدا لە پەیجی خۆی لەسەر تۆڕی كۆمەڵایەتی (فەیسبوك) ڕایگەیاندووە”ئەو لیستەی ڤاكسینەی خوارەوە بەشێكە لەو هەوڵانەی كە ئەگەر حوكمەت نیاز پاكی هەیەو بودجەی پێویستی داناوە بۆ كڕینی ڤاكسین بەو بڕی پارەیەی بەرامبەری دیاری كراوە لە ماوەیەكی كورتدا ئەتوانێ لە ڕێگای كۆمپانیای ڕێگە پێدراو دابینی بكات و نزیكەی دوو ملیۆن هاوڵاتی هەرێمی كوردستان سوودمەند ببن و بە زووترین كات بگاتە هەرێمی كوردستان”.

بە وتەی د.هێرش سەید سەلیم” ناكرێت چاوەڕێی سواڵ و سەدەقە بكەین و فەرموون ئەمە عەرزو ئەمە گەز، باچیتر چاوەڕێی بەرز بوونەوەی ئامار و مردنی هاونیشتمانیانمان نەكەین”.

بەپێی دوایین ئامار كە لەلایەن وەزارەتی تەندروستی هەرێمی كوردستانەوە بڵاوكرایەوە، لەماوەی 24 كاتژمێری ڕابروو، 773 كەس تووشی كۆرۆنا بوون و 8 كەس بەهۆی پەتاكەوە گیانیالەدەستدا.