سەردێر

لە هەولێر 54 شوێن داخران

خەڵك-
بەهۆی پابەندنەبوون بە ڕێكارە تەندروستییەكان، قایمقامیەتی قەزای هەولێر 54 شوێنكار دادەخات.

بەپێی ڕاگەیەنندراوێك كە لەلایەن قایمقامیەتی قەزای هەولێرەوە بڵاوكرایەوە”لە دوایین كۆبوونەوەی ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر بڕیاردرا، كافتریا و چێشتخانەكان كورسییەكانیان لە دەرەوە واتە باخچەكان دابنێن و ڕەچاوی دووری مەودای سەردانیكەرانیان بكەن، هەروەها خزمەتگوزاری نێرگەلەكێشان لە كافتریاكان قەدەغەیە،هۆكاری داخستنی ئەو شوێنانەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە پابەندی ڕێكار و ڕێنوێنییە تەندروستییەكان نەبوون.

هەر لە ڕاگەیەندراوەكەدا هاتووە” ئەو 54 شوێنەی داخران لە چێشتخانە، كافتریا، چاییخانە و فرۆشگای مەیفرۆشتن پێكهاتوون، داواش لە هاونیشتمانیان دەكرێت پابەندی ڕێنوێنییەكان بن، بەپێچەوانەوە كەسی سەرپێچیكار ڕێكاری یاسایی بەرامبەر دەگیرێتە بەر وشوێنەكەی دادەخرێت بۆ ماوەی یەك ھەفتە و سزای پێبژاردنی بۆ دەكرێت”.