سەردێر

بەوێنە: سێيەمین فێستیڤاڵی بەهار

سلێمانی – نزار جەزا

ئەمڕۆ پێنج شەممە سێيەمین فێستیڤاڵی بەهار لەپێناو بووژانەوەی بازاڕ و هەرزانکردنی نرخەکان لەمانگی ڕەمەزاندا، لەشاری سلێمانی بەڕێوەدەچێت. لەپێشانگای نێودەوڵەتی سلێمانی سێيەمین فێستیڤاڵی بەهار بۆ ماوەى ١٠ ڕۆژ بەڕێوەدەچێت، کە تێیدا کۆمەڵێک بەرهەمی جۆراوجۆر و خواردەمەنی لەلایەن کۆمپانیا و خاوەنکارە جیاوازەکانەوە دەفرۆشرێن.

سەهەند عەلی ڕاوێژكاری بازرگانی لەكۆمپانیای ئەتڵەس ئەسیل، بە(خەڵك)ی ڕاگەیاند، دەرگای پێشانگاکە لەكاتژمێر ١٠ی بەیانی تاكو كاتژمێر شەشی ئێوارە بەڕووی سەردانکەراندا كراوەدەبێت. ئاماژەى بەئەوەشدا، ٢٠٠ شوێنی فرۆشتنیان تەرخانکردووە، کە هەموو خاوەنكار و كۆمپانیا ناوخۆیی و دەرەكییەكان دەتوانن بەشداری بكەن و بەرهەمەکانیان بفرۆشن.

سێهەمین فێستیڤاڵی بەهار بەئامانجی بووژانەوەی بازاڕ لەلایەن کۆمپانیای ئەتڵەس ئەسیل بەهاوکاری ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی ڕێکخراوە، کە تێیدا کۆمپانیا و خاوەنکارەکان لەپێناو ناساندن و فرۆشتنی بەرهەمەکانیان بەشداریدەکەن.

سازدانی ئەم جۆرە فێستیڤاڵانە و دروستكردنی بازاڕێكی بچوك، كە كۆمەڵێك بەرهەمی جۆراوجۆری تێدایە، دەرفەتێكی باشە بۆ خاوەنكارەكان كە بەرهەمەكانیان بناسێنن و بیانفرۆشن. ئەمە لەكاتێكدایە ساڵانە لەشاری سلێمانی ژمارەیەك فێستیڤاڵی جۆراوجۆری فرۆشتن ئەنجامدەدرێن، كە تێیدا فرۆشیاران بەرهەمەكانیان دەفرۆشن و هاووڵاتییانیش بەشێوەیەكی بەرچاو ڕووی تێدەكەن.