سەردێر

بودجەی عیراق جموجۆڵ دەخاتە بازاڕەکانی کوردستانەوە

 

خەڵک – نزار جەزا

 

پەسەندکردنی پڕۆژە یاسای بودجەی عیراق بەڕای یەکێتیی هاوردە و ناردنکارانی کوردستان، بواری ئابووری بەشێوەیەکی باشتر بەرەوپێش دەبات و جموجوڵ دەکەوێتە بازاڕەوە.

شێخ مستەفا شێخ عەبدولڕەحمان، سەرۆکی یەکێتیی هاوردە و ناردنکارانی کوردستان بە(خەڵک)ی ڕاگەیاند، ڕێکەوتنی حکومەتی ناوەند لەگەڵ حکومەتی هەرێم و پەسەندکردنی بودجە خۆشگوزەرانی بۆ هاوڵاتییان دروست دەکات و ئومێدی گەورەدەدات بەوەی کە موچە لەکاتی خۆیدا بەبێ لێبڕین یان بەشێوەیەکی باشتر وەربگرن.

ئەوەشی خستەڕوو، بواری ئابووری بەشێوەیەکی باشتر بەرەوپێش دەچێت و جموجۆڵ دەکەوێتە بازاڕەوە و وادەکات، بازرگانان دڵنیابن لەوەی کارەکانیان سەرکەوتوودەبێت و دەست بەکارەکانیان دەکەنەوە.باسی لەئەوەشکرد، هەرێمی کوردستان لەم هەلومەرجەدا لەچەند ڕووێکەوە پێویستە لێکتێگەیشتنێکی باشی هەبێت، بۆئەوەی گرنگی بەبەرهەمی ناوخۆیی و هەناردەش بدات.

ئاماژەی بەئەوەشدا، بەرهەمی خۆماڵی زۆر گرنگە کاری بۆ بکرێت، بۆئەوەی هەرێم بتوانێت لەکاتی قەیرانەکاندا خۆی باشتر بەڕێوەبەرێت.

زیاتر ڕوونیکردەوە، پێویستە حکومەتی هەرێم زیاتر هاندەری وەبەرهێنەران بێت و کارئاسانییان بۆ بکات، بۆئەوەی وەبەرهێنان لەناوخۆ بکەن، چونکە تاکو ئێستا هەرێم هەرێمیکی بەکاربەرە، نەک بەرهەمهێنەر.

ئەوەشی باسکرد، پێویستە لەچەند ڕووێکەوە هاوکاری وەبەرهێنەران بکرێت، بەنمونە فرۆشتنی یەکەی کارەبا هەرزانبکرێت و ئەو کەرەستانەی لەدەرەوە دەیهێنن گومرکی لەسەر کەمبکرێتەوە و باجیش کەمتربکرێتەوە، ئەمانە هاندانێکی باشن بۆئەوەی هەرێم بکرێتە هەرێمێکی بەرهەمهێنەر.

ئەمە لەکاتێکدایە شەوی ڕابردوو پڕۆژە یاسای بودجەی عیراق لەپەرلەمانی کوردستان پەسەندکرا، کە بەشێک لەداواکارییەکانی کوردی تێدا جێگیرکراوە.