سەردێر

كورد بە یەكدەنگی سەردەكەوێت

 

خەڵك-ئارام سەردار

چاودێرێكی سیاسی دەڵێت، پشوو درێژی شاندی دانوستانكاری هەرێم ئەوەی سەلماند كە ئەگەر كورد یەكدەنگبێت دەتوانێت تەواوی مافەكانی وەر بگرێتەوە كە لە دەستووری عێراقدا هاتووە.

ئازاد جۆڵا، چاودێری سیاسی بە (خەڵك) ی راگەیاند، پەسەند كردنی بودجەی عێراق بۆ هەرێمی كوردستان گرنگیەكی زۆری هەیەو
بۆ لەمەودوا هیچ بەهانەیەك نامێنێت بۆ دواكەوتن و لێبڕینی مووچە.

پێویستە هەرێمی كوردستان نێو ماڵی خۆی یەكبخاتەوە و ئەو ماوەیەی كە 3 مانگ زیاتر بوو شاندی هەرێم بە بەردەوامی دەچوونە بەغدا سوربوون و بەردەوامی ئەوان ئەوەی سەلماند كە ئەگەر كورد یەكهەڵوێست بێت دەتوانێت ئەومافانەی وەربگرێتەوە كە لە دەستوری عێراقدا هاتووە.

وتیشی، عێراقییەكانیش بە گشتی لە دۆخێكی خراپدان و پەسەندكردنی بوودجە بۆ ئەوانیش گرنگەو لەمەودوا حكومەت دەستكراوە دەبێت بۆ ئەنجامدامنی پڕۆژەكان و خزمەتگوزاری زیاتر.

ئاماژەی بەوەشكرد، ئەم ڕێككەوتنە بووە دەروازەیەكی باش بۆ چارەسەركردنی ئەو كێشانەی لە ڕابردوو لە نێوان حكومەتی هەرێم و بەغداهەبوو، پێویستە لایەنە سیاسییەكوردەكان بەهەمان شێوەی وەفدەكە پشوو درێژ بن بۆ ئەوە چارەسەری ئەوكێشانەی دیكەی نێوان هەولێر و بەغداد بكەن كە تا ئێستا بەهەڵپەسێردراوی ماونەتەوە.

ئەو چاودێرە دەشڵێت، ئێستا خەڵكی هەرێمی كوردستان هەموو دڵخۆشن بەوەی شاندەكە بەسەركەوتوویی و دەستی پڕەوە هاتنەوە و دەمێنێتەوە جێبەجێكردنەكەی كە هیوادارم حكومەتی هەرێم لە ئەمڕۆوە دەست بە جێبەجێكردنەكەی بكات.

سەبارەت بەوەی هەندێك لە لایەنە سیاسییە كوردییەكان بە نیازن بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی عێراق هاوپەیمانی لەگەڵ هەندێك لە شیعەكان دروستبكەن ئازاد جۆڵا وتی: ئێمە تا ئێستا بابەتە نەتەوەییەكانمان یەكلایی نەبووەتەوە و لە لایەنەكانی دیكەی عێراق زیاتر پێویستمان بە یەكڕیزی هەیە و بۆ ئەوەی بتوانین بە دەنگێكی بەهێزتر داوای مافەكانمان بكەین لە بەغدا پێویستە هاوپەیمانی لەنێوان لایەنە كوردستانییەكان خۆیاندا بێت نەك لایەنی دیكە،و ئەگەر ئەوەش ڕووبدات پێویستە لەسەر حسابی بەرژەوەندی گشتی خەڵكی هەرێمی كوردستان نەبێت و زیانی پێنەگەیەنێت.

وتیشی، زۆر گرنگە كورد لەناوچە كێشە لەسەرەكان یەكدەنگ و یەك لیست بێت ئەگەرنا زیانی زۆر دەكەین، و نابێت ساردی بنوێنین چونكە ئەو ناوچانە هی كوردن و هەڵبژاردنیش سەنگی مەحەكە و ئەگەر لە ناوچەكانی دیكە كورد یەكنەبێت پێویستە لە ناوچە كێشەلەسەرەكان یەكدەنگ و هاوپەیمان بن بۆ ئەوەی زۆرترین دەنگی كورد ببەنە بەغدا.