سەردێر

فەرمانبەرانی گرێبەست داوای بە هەمیشەیی بوون دەكەن

خەڵك
فەرمانبەرانی گرێبەست ڕاگەیەنراوێكیان بڵاو كردەوەو داوا دەكەن بكرێن بە هەمیشەیی.

لە راگەیەنراوەكەدا كە ئا راستەی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران و سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان و وەزیر و لایەنە پەیوەندیدارەكانیان كردووە فەرمانبەرانی گرێبەست دەڵێن؛ ئێمە وەك فەرمانبەرانی گرێبەست لە زۆربەی دام و دەزگاكانی ئەركێكی قورس بە موچەیەكی زۆر كەم بەجێ دەهێنین و سەرەڕای ئەوەی پەرلەمانی كوردستان بە یاسا هەمیشەیی بوونمانی دوای سێ ساڵ خزمەت بڕیار لێ داوە زۆرینەی فەرمانبەرانی گرێبەست نەك تەنیا ماوەی یاسایی خۆمان تەواوكردووە بەڵكو ساڵانی خزمەتمان لە نێوان (4 – 15) ساڵدایە و تا ئێستا نەكراوینەتە هەمیشەیی.

ئەو فەرمانبەرە گرێبەستانە دەشڵێن، لە سیستمی پاشەكەوتی موچە ئێمە زەرەرمەندی یەكەم بووین و بە نیو مووچەوە كە بۆ زۆربەمان تەنیا 200 هەزارێك بووە لە مانگێكدا دەوامی تەواوی خۆمان كردووە و لە ئێستاشدا 21% ی موچەكانمان دەبڕێت و بێ هیچ ئیمتیازاتێك حسابی فەرمانبەرێكمان بۆ دەكرێت كە موچەكەی یەك ملیۆنە لەكاتێكدا ئێمە زۆرینەمان موچەی تەواوەتیمان لەنێوان (350 – 500) هەزار دیناردایە.

لە راگەیەنراوەكەدا ئەوەش هاتووە، وێڕای پیرۆزباییمان لە جێگیركردنی پشكی هەرێمی كوردستان لە بودجەی گشتی عێراق ڕایدەگەیەنین كە هیچ پاساوێك نەماوە بۆ بە هەمیشەییكردنمان و داواكارین لە پڕۆژە یاسای بودجەی گشتی 2021ی هەرێمی كوردستان هاوشێوەی بودجەی گشتی عێراق و بەر لە ڕەوانەكردنی بۆ پەرلەمان بە هەمیشەیی بوونی فەرمانبەرانی گرێبەست لە بڕگەیەكدا بچەسپێت.