سەردێر

ئەوروپا فشارەكان لەسەر ئیخوان تونددەكات

كیشوەرە پیرەكە هەنگاوەكانی دژی تیرۆر و توندڕۆیی خێراتر دەكات

خەڵك-

ئەوروپا رێوشوێنەكان لە دژی رێكخراوی ئیخوان چڕدەكاتەوە لە چوارچێوەی ستراتیژی كیشوەرە پیرەكە بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و توندڕۆیی، دەرگەش كراوەیە بەڕووی كۆمەڵێك سیناریۆدا.

سەرچاوەكان بۆ كەناڵی سكاینیوز ئاشكرایانكرد، رێكخراوی ئیخوان بە كردار دەستیكردووە بە گەڕان بەدوای پەناگەیەكی نوێدا بۆ سەركردەكانی دوور لە فشارەكانی ئەوروپا، لەگەڵ گەڕان بە دوای دەوڵەتێكی دیكەدا بۆ گواستنەوەی وەبەرهێنانە گەورەكانی لە پێش هەڕەشەی دەستبەسەرداگرتندا.

شارەزایان و كارناسان دەڵێن، رێكخراوی ئیخوان هەوڵ دەدات بۆ گواستنەوەی وەبەرهێنانەكانی لە ئەو وڵاتانەی فشاریان لەسەرە وەك ئەوەی لە میسر كردی، بەڵام ئەم رێوشوێنانە پەیوەندییان بە بڕیاری سیاسی و هۆكاری ئەمنییەوە هەیە.

بەپێی راپۆرتی هەواڵگری ئیسپانیا كە ماوەیەك لە مەوبەر نێوەندی ئەوروپایی بۆ هەواڵگری و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر بڵاویكردەوە، رێكخراوی ئیخوان هەوڵ دەدات بە ئارامی ماڵ و وەبەرهێنانەكانی بگوازێتەوە بەتایبەت لە ئەوروپا بەتایبەتتر فەڕەنسا بۆ هەرێمی كەتالۆنیا دوای فشارەكانی فەڕەنسا لەسەر سەركردەكانی ئیخوان و حكومەتی دۆحە بۆ كەمكردنەوەی ئاستی پشتیوانی دارایی و وەبەرهێنان لەسەر چالاكییەانی ئیخوان.

كەریم عەمدە مامۆستای ئابووری سیاسی ئاماژە بە ئەوە دەكات، مالیزیا دەكرێت ببێتە پەناگەیەكی بەهێز و گرنگی ئابووری ئیخوان لەدوای رێوشوێنەكانی ئەوروپا، بەڵام گواستنەوەی وەبەرهێنانەكانی لە توركیا دوورە.

ئاماژەی بەوەشكرد ئیخوان زیانێكی گەورەی كردووە بەهۆی فشارە بێ پێشینەكانی ئەوروپاوە، ئێستا هەوڵی چالاكی داوە لە رێگای هەندێك رێكخراوەوە لە ئەفریقا بەهۆی ناسەقامگیری رەوشی ئەمنی و سیاسی و هاوپەیمانی كردن لەگەڵ هەندێك گرووپ و رێكخراوی دیكەی تیرۆرستی وەك داعش و قاعیدە كە خێر و سەروەت و سامانی هەندێك لە ئەو وڵاتانە بۆ خۆیان دەبەن و بە نایاسایی وەبەرهێنان دەكەن وەك بردنی كانزا و زێڕ لە كەناراوەكانی ئەفریقا.