سەردێر

ساڵوەگەڕی كۆڕەوە ملیۆنییەكەی گەلی كوردە

خەڵك-

ئەمڕۆ 1ی نیسانی 2021، 30 ساڵ تێپەڕ دەبێت بەسەر كۆڕەوە ملیۆنییەكەی گەلی كورددا لە باشوری كوردستان.

رژێمی عێراق لە ساڵی 1990دا كوێتی داگیركرد وەك پارێزگەی نۆزدەهەمینی عێراقی ناساندی، خواستی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ كشانەوە رەتكردەوە.

هاوپەیمانی نێونەتەوەیی بە رێبەرایەتی ئەمریكا لە ساڵی 1991 هێرشی گرتنەوەی كوێتیان ئەنجامدا، سوپای عێراقیان تێكشكاند.

لە باشوری عێراق شیعە مەزهەبەكان دژی رژێمی پێشووی عێراق راپەڕین.

گەلی كورد لە باشوری كوردستان لە 5ی ئاداری 1991 راپەڕینیان دەستپێكرد تا 20ی ئادار زۆرینەی خاكی باشوریان گرت.

دوای خۆگرتنەوەی سوپای عێراق، بەغدا هێرشی پێچەوانەی گرتنەوەی ناوچەكانی باشوری عێراق و هەرێمی كوردستان دەستپێكرد.

سوپای عێراق توانی لە ماوەی چەند رۆژێكدا تەواوی خاكی باشوری كوردستان بگرێتەوە.

لە 31ی ئادار و 1ی نیسانی 1991 بە ملیۆنان خەڵكی باشوری كوردستان روویان لە ئێران و توركیا كرد، ئەمە بە كۆڕەوی ملیۆنی ناسرا.

ئەم كۆڕەوە ملیۆنییە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هێنایە سەر هێڵ لە 6ی نیسانی 1991 بە پێشەنگی فەڕەنسا ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بڕیاری 688ی بەسەر بەغدا دا سەپاند و بڕیاری ناوچەی دژەفڕین درا.

هاوكات گفتووگۆی نێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی بەغدا دەستیپێكرد، بەڵام بێ ئەنجام كۆتایی هات.

لە هاوینی 1991 دوای شكستی گفتووگۆكان و فشارە نێوخۆیی و نێودەوڵەتییەكان، سوپای عێراق لە پارێزگاكانی سلێمانی و هەولێر و دهۆك كشایەوە.

لە 19ی ئایاری 1992 یەكەم هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان سازكرا و دواتر یەكەم كابینەی حكومەتی هەرێمی كوردستان پێكهات.