سەردێر

دادگا داخستنی هەدەپەی رەتكردەوە

ئەردۆغان و باخچەلی دژی دادگا وەستانەوە

خەڵك-

دادگای باڵای دەستووری توركیا داخستنی پارتی دیموكراتی گەلان هەدەپەی رەتكردەوە و دۆسێیەكەی گەڕاندەوە بۆ داواكاری گشتی بەهۆی كەموكوڕی و نەبوونی بەڵگە.

ئەم هەنگاوەی دادگای دەستووری توركیا تووڕەبوونی هاوپەیمانی فەرمانڕەوای توركیا لێكەوتەوە، هەریەكە لە رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیا و دەوڵەت باخچەلی سەرۆكی بزوتنەوەیی نەتەوەیی رەخنەی توندیان لە دادگای دەستووری گرت.

دەوڵەت باخچەلی سەرۆكی بزوتنەوەی نەتەوەیی رایگەیاند پێویستە دادگای دەستووری دابخرێت، هەدەپەش دابخرێت ئەوە ئامانجێكی خێرایە.

ئەحمەد داود ئۆغلۆ سەرۆك وەزیرانی پێشوو و سەرۆكی پارتی ئایندەی ئۆپۆزسیۆن رەخنەی لە هاوپەیمانی فەرمانبڕەوای پارتی داد و گەشەپێدان و بزووتنەوەی نەتەوەیی گرت لەسەر رەخنەگرتن لەسەر دادگای دەستووری.

داود ئۆغلۆ لە گوتاری خۆیدا ئاماژەی بە ئەوە كرد هاوپەیمانی فەرمانڕەوا بە سەرۆكایەتی رەجەب تەیب ئەردۆغان و هاوبەشەكەی دەوڵەت باخچەلی بەرگەی دادگای باڵای دەستووری ناگرن.

راشیگەیاند رەوشەكە قورسە، گەندەڵی هەیە سەرچاوە ئابورییەكان داڕووخاون.

راشیگەیاند حكومەت توانای چارەسەركردنی كێشەكانی نییە، پێویستییەكانی هاووڵاتیانی بۆ دابین ناكرێت.