سەردێر

ئەنجومەنی باڵای كاروباری خانمان پەیامێكی بڵاوكردەوە

خەڵك

ئەنجومەنی باڵای كاروباری خانمان لە پەیامێكدا ڕایدەگەیەنێت:”لەگەڵ ئەوەی پەرلەمان بەرزترین دەسەڵاتەو پیرۆزی خۆی هەیە، بەڵام بەداخەوە لەلایەن كەسێكەوە كە نوێنەری گەلە، سوكایەتی بە رۆل و پێگەی رەگەزی مێینە دەكرێت، دەستەواژەی نەگونجاو لە دژی خانمان بەكاردێت، ئەمەش دەبێتە هۆی دروستبوونی پشێوی و شڵەژانی رەوشی كۆمەڵایەتی”.

ئەنجومەنی باڵای كاروباری خانمان ئاماژەی بەوەشداوە، ئەنجومەنەكەیان “لە ڕوانگەی هێڵە گشتییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان كار بۆ یەكسانی نێوان هەردوو ڕەگەز دەكات لە سەرجەم بوارەكاندا، بەنیگەرانییەكی زۆرەوە دەڕوانێتە ئەم هەڵوێستە ناڕەواییەی ئەو پەرلەمانتارەو بە پاشەكشێی دەزانێت لە بەرەوپێشچوونی یەكسانی و دیموكراتیەت و ئازادی لە هەرێمی كوردستاندا”.

دەقی پەیامەكە:

پەیامێك لە ئەنجومەنی باڵای كاروباری خانمان
لە حكومەتی هەرێمی كوردستان

لەگەڵ ئەوەی پەرلەمان بەرزترین دەسەڵاتەو پیرۆزی خۆی هەیە، بەڵام بەداخەوە لەلایەن كەسێكەوە كە نوێنەری گەلە، سوكایەتی بە رۆل و پێگەی رەگەزی مێینە دەكرێت، دەستەواژەی نەگونجاو لە دژی خانمان بەكاردێت، ئەمەش دەبێتە هۆی دروستبوونی پشێوی و شڵەژانی رەوشی كۆمەڵایەتی.

بەداخەوە ئەمڕۆ چوارشەممە ٣١ی ئاداری ٢٠٢١ لە دانیشتنی پەرلەمانی كوردستاندا، لەلایەن پەرلەمانتارێك و نوێنەرێكی گەلەوە هێرشكرایە سەر رۆل و پێگەی ژنانی كوردستان، ئەمەش دەبێتە هۆكار بۆ ڕق و كینەو ناتەبایی كۆمەڵایەتی لە هەرێمی كوردستاندا.

ئەنجومەنی باڵای كاروباری خانمان، كە لە روانگەی هێڵە گشتییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان كار بۆ یەكسانی نێوان هەردوو رەگەز دەكات لە سەرجەم بوارەكاندا، بەنیگەرانییەكی زۆرەوە دەڕوانێتە ئەم هەڵوێستە ناڕەواییەی ئەو پەرلەمانتارەو بە پاشەكشێی دەزانێت لە بەرەوپێشچوونی یەكسانی و دیموكراتیەت و ئازادی لە هەرێمی كوردستاندا.

بۆیە پێویستە ئەو پەرلەمانتارە داوای لێبووردن لە خانمان بكات و پەرلەمانتاران بە گوێرەی ئەو پەیڕەو و یاسایانەی كە خۆیان دەریان كردووە رێز لە ژنان بگرن و رێگەنەدەن جارێكی تر لەم ناوەندە باڵایەی یاساداناندا لە هەرێمی كوردستان، كەسانێك هەبن كە سوكایەتی بە ژن بكەن.

ئێمە لە ئەنجومەنی باڵای كاروباری خانمان، هەموو هەوڵێكمان بۆ بەرزڕاگرتنی رۆل و پێگەی ژنان بێت لە هەرێمی كوردستاندا.

ئەنجومەنی باڵای كاروباری خانمان
٣١ی ئاداری ٢٠٢١