سەردێر

بڕیاری داخستنی مزگەوتەكان لە هەرێم درا

ئەرشیف، وێنەی مزگەوتی گەورەی سلێمانی

خەڵك-
وەزارەتی ئەوقافی هەرێم بڕیاریدا بۆ ماوەی 10 ڕۆژ دەرگای مزگەوت و تەكیە و كڵێسا و شوێنە ئاینییە دابخات.

بەپێی ڕاگەیەنراوێكی وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی هەرێم، لەژێر ڕۆشنایی بڕیاری لیژنەی باڵای ڕووبەڕووبوونەوەی كۆرۆنا بڕیار درا سەرجەم شوێنە ئاینیەكان لە (مزگەوت و تەكیە و كلێسا و پەرستگا و هەموو شوێنە ئاینیەكانی تر) لە ڕۆژی پێنج شەممە ( ٢٠٢١/٤/١) تاوەكو ڕۆژی شەممە (٢٠٢١/٤/١٠) پێش ھاتنی مانگی ڕەمەزانی پیرۆز دابخرێن.

دەقی ڕاگەیەنراوەكە:

ئاماژە بە كۆبوونەوەی لێژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لەڕێكەوتی ٣٠⁄ ٣⁄ ٢٠٢١، لەبەر زیادبوونی ڕێژەی تووشبوون و مردن بە ڤایرۆسی كۆڕۆنا لە هەرێمی كوردستان، وە لەپێناو بەرژەوەندی و سەلامەتی و پاراستنی گیانی ھاوڵاتیانی ئازیز و خۆشەویست.
بڕیار درا:
سەرجەم شوێنە ئاینیەكان لە (مزگەوت و تەكیە و كلێسا و پەرستگا و هەموو شوێنە ئاینیەكانی تر) لە ڕۆژی پێنجشەممە ( ٢٠٢١/٤/١) تاوەكو ڕۆژی شەممە (٢٠٢١/٤/١٠) پێش ھاتنی مانگی ڕەمەزانی پیرۆز دابخرێن و ڕێگە بەھیچ بۆنە و كۆبوونەوەیەكی ئایینی وكۆمەڵایەتی لە ناوە و دەرەوەی ئەم شوێنانە نادرێت، ھاوشێوەی ناوەندەكانی خوێندن و شوێنەكانی تر كەماوەی زیاتر لە سێ ھەفتەیە داخراون، داوا لەمامۆستایانی بەڕێزی ئایینی پیرۆزی ئیسلام و نوێژخوێنان و ئاینەكانی تردەكەین، لەپێناو پاراستنی تەندروستی و گیانی ھاوڵاتیانی ئازیز بە ئەركی خۆیان ھەڵسن.
لێژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنا
٣١ ئازار ٢٠٢١