سەردێر

كاتی لابردنی لێبڕین لە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم ڕاگەیەنرا

خەڵك-
ماددەی 11ی بودجەی عیراق، كە تایبەتە بە پكشی هەرێمی كوردستان پەسەندكرا و جێگری سەرۆكی پەڕلەمانی عیراق دەڵێت: “لە مانگی داهاتووەوە جێبەجێ‌ دەكرێت و پارە بۆ هەرێم ڕەوانە دەكرێت” و میدیاكانی پارتی-ش بڵاویانكردەوە، مووچەی مانگی داهاتوو بەبێ‌ لێبڕین دەبێت.

سەرچاوەیەك لە پەڕلەمانی عیراق بۆ (خەڵك) ئاشكرای كرد، لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەڕلەمانی عیراق مادەی 11ی تایبەت بە پشكی هەرێم بەبێ‌ هیچ كێشەیەك پەسەند كرا و پشكی هەرێم بە 12.67ی بودجە دیاری كرا.

لای خۆشیەوە، بەشیر حەداد، جێگری سەرۆكی پەڕلەمانی عیراق لە پشكی كورد لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، ماددەی 11 كە تایبەتە بەپشكی هەرێم بەكۆی دەنگ پەسەند كرا و بەپێی پرۆژەكە 9 بۆ 10 ترلیۆن دینار دەدرێت بە هەرێم و تا مانگێكی تر، كە رێنماییەكان لەوەزارەتی دارایی عیراق بۆ بودجە دەردەچێت دەست بەجێبەجێكردنی یاساكە دەكرێت و پشكی هەرێم ڕەوانە دەكرێت.

هاوكات میدیاكانی پارتی بڵاویانكردەوە، بڕیار بوو ئەم مانگەی ڕابردوو مووچه بێ لێبڕین دابەشبکرێت، ئەویش بەهۆی پەسەندکردنی مادەی11 ، بەڵام بەهۆی ناکۆکی شیعە کۆبوونەوەکان دواخران و حکوومەتی هەرێم نەیویست مووچه دوابکەوێت وەک خۆی دابەشیکرد.

ئاماژەیان بەوەشكردووە، بەهۆی پەسەندکردنی مادەی 11 ئەم مانگەی داهاتوو بێ لێبڕین مووچە دابەش دەکرێت.

پێشتریش، ئەحمەد گەرمیانی، سەرۆكی یەكێتی مامۆستایانی كوردستان بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، ئێمە وەكو یەكێتی مامۆستایان و هەموو لایەك لێكۆڵینەوە لە دۆخی ئابوری و سیاسی وڵاتەكەمان دەكەین و پلانی خۆمان و كاروباری خۆمان بەپێی ئەو پێشبینیانەی دەیكەین دادەنێین.

وتیشی، “پێشبینی دەكەین بۆ مانگی داهاتوو مووچە بە بێ لێبرین دابەش بكرێت”.

ڕوونیشیكردەوە، ئەگەر حكومەتی هەرێم و حكومەتی عێراق ڕێكبكەون و دەنگ لەسەر بودجە بدەن ئەوە مووچە بەبێ لێبڕین دابەش دەكرێت، ئەگەر ڕێكیشنەكەوتن، حكومەتی هەرێم بەڵێنێكی بە ئێمە داوە مووچە بەپێی داهاتی خۆی دابەش دەكات.