سەردێر

بودجە نرخی دۆلاری بەرزكردەوە

خەڵك-
بەهۆی پەسەند كردنی نرخی دۆلار لە بودجەی عیراقدا، نرخی دۆلار بەرامبەر بە دیناری عیراقی لە بازاڕەكانی عیراق و هەرێم بەرزبوونەوە و هاوكات نرخی ئاڵتونیش جارێكی دیكە ڕووی لە بەرزبوونەوە كردووە.

دانا وەرتی، شارەزای بواری دراو و زێڕ لە هەولێر بۆ (خەڵك) ئاماژەی بەوەكرد، ئەمڕۆ جارێكی دیكە نرخی زێڕ ڕووی لە بەرزبوونەوە كردووە و نرخی یەك ئۆنسە لە 1686 دۆلارەوە گەیشتۆتە 1702 دۆلار.

وتیشی، “لە ئێستتادا نرخی یەك مسقاڵ ئاڵتونی عەیارە 21 بە 351 هەزار دینارە و عەیارە 18 بە 301 هەزار دینارە”.

ئاماژەی بەوەشكرد، جێگیركردنی نرخی دۆلار لە بودجەی عیراق وەك ئەوەی حكومەت دیاری كردبوو، كە یەك دۆلار بە 1450 دینار دەنگی لەسەردرا لە پەڕلەمان بۆتە هۆی بەرزكردنەوەی بەهای دۆلار لە بازاڕەكان.

وتیشی، “لە ئێستادا نرخی 100 دۆلار گەیشتۆتە نزیكەی 146 هەزار و پێشبینی ئەوەش دەكرێت تا نزیكەی 148 هەزار دینار بەرزببێتەوە”.