سەردێر

حكومەتی هەرێم ڕاگەیەنراوێكی بڵاوكردەوە

خەڵك-
وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەسەر گرژییەكانی ئەمڕۆی ناو پەڕلەمانی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، كەسانێك هەن خۆیان بە نوێنەری گەل دەزانن، كەچی دەستەواژەی نەشیاو و دوور لە كاری پەڕلەمانی و سیاسی بەكار دەهێنن.

جوتیار عادل، وتەبێژی حكومەتی هەرێم لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، حكومەت بە ڕێزەوە دەڕوانێتە كاری پەڕلەمانی و باشترین پەیوەندیشی لە گەڵ دامەزراوە دەستوورییەكان و پەڕلەمانی كوردستان هەیە.

دەقی ڕاگەیەنراوەكە:

لە كاتێكدا حكومەتی هەرێمی كوردستان، هەوڵ و كۆششی تەواو دەدات لە پێناو خزمەتكردنی هاووڵاتیان و زامنكردنی بژێویان و دەستەبەركردنی ئارامی و خزمەتكردنی سەرجەم چین و توێژەكانی هەرێمی كوردستان. بەڵام بەداخەوە كەسانێك هەن خۆیان بە نوێنەری گەل دەزانن، كەچی دەستەواژەی نەشیاو و دوور لە كاری پەرلەمانی و سیاسی بە كار دەهێنن و ڕەفتاری نابەجێ ئەنجام دەدەن وەك ئەوەی بەداخەوە ئەمڕۆ لە دانیشتنی پەرلەمانی كوردستان بینیمان كە ئامانج لێی تەنیا خۆدەرخستن و دروستكردنی ڕق و نانەوەی پشێوییە.
حكومەتی هەرێمی كوردستان بە ڕێزەوە دەڕوانێتە كاری پەرلەمانی و باشترین پەیوەندیشی لە گەڵ دامەزراوە دەستوورییەكان و پەرلەمانی كوردستان هەیە. چاوەڕوانی ئەوەشی هەیە پەرلەمانتاران لە چوارچێوەی یاسا و ڕێساكاندا، هەڵسوكەوت بكەن و بەرگری لە مافی هەموو چین و توێژەكانی كۆمەڵگا بكەن.
د.جوتیار عادل
وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان
٢٠٢١/٣/٣١