سەردێر

فەتح هۆكاری بەشداریكردنى لە دەنگداندا لەسەر بودجە ئاشكرا دەكات

خەڵك-
هاوپەیمانی فەتح حەوت هۆكار دیاریی دەكات و دەڵێت، ئەو هۆكارانە وایان كرد بەشداریی لە دەنگدان لەسەر پەسەندكردنی پرۆژە یاسای فیدراڵی ساڵی 2021دا بكات.

ئەحمەد ئەسەدی، پەرلەمانتاری هاوپەیمانی فەتح لە بەیاننامەیەكدا ڕایگەیاند”هاوپەیمانی فەتح ڕازیبوو لەسەر تێپەڕاندنی بودجە، دوای دانانی چارەسەر بۆ پشتیوانی لە توێژە هەژارەكە و كۆتوپێوەندنەكردنی عیراق بە قەرزی دەرەكی”.

هەر لە بەیاننامەكەدا هاتووە”60%ی قەرزە دەرەكییەكان لابراون، پرۆژەكانی وێستەگەكانی وەبەرهێنانی كارەبا جێبەجێ‌ ناكرێن، تا لەلایەن دیوانی چاودێری دارایی وردبینی لە هەموو قۆناغەكاندا نەكات و دەبێت لەلایەن كۆمپانیا جیهانییە ڕەسەنەكانەوە پرۆژەكان جێبەجێ‌ بكرێن”.

بە وتەی ئەسەدی”50 هەزار دینار بۆ نرخی بەروبومە ستراتیژییەكانی (گەنم و جۆ و شێلم زیادكراون، مووچەی مانگانە بۆ ئەو كەسانەی چاودێری كۆمەڵایەتی دەیانگرێتەوە بە بڕی 75 هەزار دینار زیادكرا و 300 هەزار كەسی تر چاودێری كۆمەلایەتی دەیانگرێتەوە”.

هەروەها وەك ئەو پەرلەمانتارەی هاوپەیمانی فەتح باسی دەكات”ئەوانەی چاودێری كۆمەڵایەتی دەیانگرێتەوە، لە ساڵێكدا دەبێت 12 مانگ بەشەخۆراك وەربگرن بە هەموو جۆرەكانییەوە”، وێڕای ئاماژەكردن بە پشتیوانی لە هێزەكانی حەشدی شەعبی.