سەردێر

ماددەی 11، كە پشكی هەرێمە بۆ بودجە و مووچە پەسەندكرا

خەڵك-
كۆبوونەوەی پەڕلەمانی عیراق بۆ پەسەندكردنی پڕۆژە یاسای بودجەی فیدڕاڵی 2021ی عیراق بەردەوامە و ماددەی 11 كە تایبەتە بە پشكی هەرێم بەبێ‌ كێشە پەسەندكرا.

سەرچاوەیەك لە پەڕلەمانی عیراق بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، لە ماددە یەك تا 10ی بودجە پەسەند كراوە و لە ئێستاشدا دەنگدان لەسەر ماددەی 11 كۆتایی هات و بەبێ‌ كێشە پەسەندكرا، كە تێیدا پشكی هەرێم جێگیركراوە.

بەپێی ماددەی 11ی یاساكە، هەرێم 460 هەزار بەرمیل نەوت دەدات بە عیراق و دوای پێدانەوەی بەشێكی بۆ بەكاربردنی ناوخۆ و حەقی كۆمپانیاكان 250 هەزار بەرمیلی ڕۆژانەی بۆ عیراق دەبێت و لەبەرامبەردا 12.67%ی بودجە دەدرێت بە هەرێم.

بەپێی زانیارییەكانی (خەڵك) تەنها لە بودجەی بەكاربردن 9.5 ترلیۆن دینار دەدرێت بە هەرێم و بەشێكیش وەك بودجەی وەبەرهێنان و بەشێكیش وەك بودجەی پتڕۆدۆلار دەدرێت بە هەرێم.

بەپێیی ئەو زانیارییانەی دەست (خەڵك) كەوتوون، لەناو بودجە چەند ماددەیەك چەسپێنراوە لە بەرژەوەندەی مووچەخۆر و فەرمانبەر و فەرمانگە فیدڕاڵییەكانی هەرێم.

بەپێی ماددە 11ی بودجە، هەرێمی كوردستان پابەند كراوە بە خەرج كردنی مووچەی تەواوی فەرمانبەران پێش هەر خەرج كردنێكی دیكە.

هەر بەپێی پڕۆژە یاساكە، دوای ڕەزامەندی هەردوو وەزارەتی دارایی عیراق و هەرێم، ڕاژەی فەرمانبەرانی فەرمانگە فیدڕاڵییەكان دەخرێتەوە سەر فەرمانگە سەرەكییەكانیان لە حكومەتی فیدڕاڵی.

No photo description available.