سەردێر

شێوازی ڕێكەوتنی هەرێم و بەغدا لەسەر بودجە ئاشكرا دەكرێت

خەڵك-
پەرلەمانتارێكی فراكسیۆنی بەدر لە پەرلەمانی عیراق، شێوازیی ڕێكەوتنی نێوان بەغدا و هەرێمی كوردستان لەسەر ماددەی 11ی بودجەی فیدراڵی ئاشكرا دەكات، ئاماژە بە كۆكردنەوەی واژۆش دەكات بۆ قەرەبووكردنەوەی بەخۆراكی ساڵێكی تەواوی هاووڵاتیان.

وەفا شەممەری، پەرلەمانتاری فراكسیۆنی بەدر لە پەرلەمانی عیراق، لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند”لەگەڵ هەرێمی كوردستان لەسەر ڕادەستكردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم و پشكی هەرێم بەشێوەی مانگانە ڕێكەوتن كراوە، لەبەرانبەریشدا هەرێم دەبێت پابەندبوونی هەبێت بەو لێكگەیشتنەی لەبارەی بودجەوە كراوە”.

بە وتەی شەممەر”لە حاڵەتی پابەندنەبوونی هەرێم بە ڕێكەوتنەكە، پشكی هەرێم لە بودجەدا بۆ ئەو مانگە دەبڕدرێت”، ڕەتیشیكردەوە دەنگ لەسەر مانەوەی نرخی دۆلار بدەن بەمشێوەیەی ئێستا و جەختی لەسەر پێویستی كەمكردنەوەی نرخی دراوەكە كردەوە لەبەرانبەر دیناری عیراقی.

ئەو پەرلەمانتارەی فراكسیۆنی بەدر دەڵێت”واژۆ كۆكراوەتەوە بۆ قەرەبووكردنەوەی بەشەخۆراكی ساڵێكی تەواوی هاووڵاتیان و هەوڵ دەدەن ئەو بڕگەیەش بخەنە بودجەوە”.