سەردێر

دواین ڕەشنووسى بودجە چاپكرا و پشكی هەرێم دیاریكرا

خەڵك-
كۆبوونەوەی لیژنەی دارایی پەڕلەمانی عیراق كۆتایی هات و لە ئێستادا بەشێكی پەڕلەمانتاران و سەرۆكایەتی پەڕلەمان لە پەڕلەمانن و پەڕلەمانتارێكی كوردیش دەڵێت: “پشكی هەرێم بە نزیكەی 9.5 ترلیۆن دینار دیاری كراوە”.

سەرچاوەیەك لە پەڕلەمانی عیراق بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، لە ئێستادا كۆبوونەوەی لیژنەی دارایی پەڕلەمان تەواو بووە و ڕەشنووسی كۆتایی بودجە چاپكراوە و بەشێك لە پەڕلەمانتاران و دەستەی سەرۆكایەتی لەناو هۆڵی پەڕلەمانن و چاوەڕێی تەواوبوونی نیساب دەكەن بۆ دەستپێكردنی كۆبوونەوە.

ڕاشیگەیاند، ڕێككەوتن كراوە بۆ تێپەڕاندنی بودجە، بەڵام هێشتا لایەنەكانی دەوڵەتی یاسا و فەتح دژایەتی بەشێك لە بڕگە و ماددەكان دەكەن.

لای خۆشیەوە، هۆشیار عەبدوڵڵا، ئەندامی لیژنەی دارایی پەڕلەمانی عیراق لە هەژماری خۆی لە فەیسبوووك ڕایگەیاندووە، بۆ دواجار لە لیژنەی دارایی ئەو ماددانەمان هەموار كرد، كەناكۆكی لە بارەوە دروست ببوو، بۆیە ئێستا ئامادەیە بۆ ئەوەی چاپبكرێ و دابەشبكرێ بەسەر ئەنداماندا بەمەبەستی دەنگدان .

ڕاشیگەیاندووە، دوای كەمكردنەوە و دابەزاندنی خەرجییەكان بەمەبەستی كەمكردنەوەی كورتهێنان، كۆی خەرجییەكان بۆ نزیكەی ۱۳٠ ترلێۆن دابەزیوە و ئەو دابەزاندنە زۆربەی سێكتەر و وەزارەتەكانی گرتۆتەوە.

وتیشی، “بێگومان پشكی هەرێمی كوردستانیش كەمی كردووە و بەو پێیەش پشكی هەرێم بە نزیكەیی بووە بە 9 ترلێۆن و نیو”.

دەشڵێت: “لەسەر پشکی هەرێم و کەمکردنەوەی لەگەڵ سەرۆکی لیژنەی دارایی لە گفتوگۆداین”.

No photo description available.