سەردێر

دوو تیرۆریست لە سلێمانی دەستگیركران

خەڵك-
وتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عیراق، دەستگیركردنی 6 تۆمەتبار بە “تیرۆر” لە ناوچە جیاجیاكانی عیراق ڕادەگەیەنێت كە دوانییان لە سلێمانی بوون.

بەپێی بەیاننامەیەك كە ئەمڕۆ چوار شەممە لەلایەن لیوا یەحیا ڕەسوڵ وتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عیراقەوە بڵاوكرایەوە”لەسەر فەرمانی فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكان، هێزەكانی دژە تیرۆر توانيان زنجیرەیەك ئۆپەراسیۆنی جۆری بەسەركەوتوویی ئەنجامبدەن كە خۆیان لە دەستگیركردنی ژمارەیەك داواكراو لە ناوچە جیاجیاكانی وڵاتدا بینییەوە”.

هەر لە بەیاننامەكەدا هاتووە”داعشێك لە ناوچەی حەبانیە- ئەنبار دەستیگركرا و بە هەماهەنگیش لەگەڵ ئاسایشی پارێزگەی سلێمانی توانرا دوو تیرۆریست كە لە چوارچێوەی مەفرەزەیەكی تیرۆریستی مەترسیداردا چالاكبوون و لە ساڵی 2013وە لە گرتووخانەی ئەبو غرێب هەڵاتبوون، دەستگیربكرێن”.

بە وتەی یەحیا ڕەسوڵ”هێزەكانی دژە تیرۆر بە هەمان شێوە توانییان 3 چەكداری پاشماوەكانی داعش دەستگیربكەن لە باخەكانی باكوور و خۆرئاوای بەغدا، كۆی گشتی ئەوانەش كە دەستگیركراون 6 تیرۆریستن”.