سەردێر

هێزەكانی پەكەكە لە شەنگال ئامادەی شەڕكردنن

بەرپرسێكی پادێ: خوازیاری شەڕنین بەڵام بۆ رووبەڕوبوونەوە ئامادەین

خەڵک – نزار جەزا

حکومەتی عیراق سبەینێی وەک دوا وادە دیاریکرد، بۆئەوەی هێزە خۆجێییەکانی شەنگال بکرێنە دەرەوە و لەبەرامبەردا هێزەکانی حکومەتی عیراق جێگەیان بگرنەوە، ئەمەش ناڕەزایەتی هێزە خۆجێییەکانی لێکەوتۆتەوە و لەئیستاوە خۆیان بۆ هەر ڕووبەڕووبوونەوەیەک ئامادەکردووە.

لەبەرواری ٩/١٠/٢٠٢٠ حکومەتی هەرێم و حکومەتی عیراق ڕێککەوتن، کە هێزە خۆجێییەکانی شەنگال کە سەر بەپەکەکەن ئەو ناوچەیە چۆڵبکەن و خۆیان هێزبۆ بەڕێوەبردنی شەنگال دابنێن.

حسێن خەلیل ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی ئێزیدییان (پادێ) بە(خەڵک)ی ڕاگەیاند، ئێمە لەئامادەکاری تەواوداین بۆ هەر هێرش و پەلامارێک، کە بکرێتە سەر شەنگال و ئێزیدییەکان، ئێمە بەرگری لەشەنگال و گەلی ئێزدی و پیرۆزییەکانیان دەکەین، هەموو ئامادەکارییەکی خۆمان کردووە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەر هێرشێک لەلایەن هەر لایەنێکەوە بێت.

ئەوەشی خستەڕوو، لەگەڵ ئەوەی هەموو ئامادەکارییەکمان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هیڕشەکان کردووە، بەڵام خوازیاری شەڕنین، داوادەکەین چارەسەرێکی ئاشتییانە بۆ کێشەکە بدۆزرێتەوە.

وتیشی: دەزگاکانی ئێمە لەیەبەشە و ئاسایش و هێزەکانی دیکەش ئامادەکاری تەواویان کردووە، بۆئەوەی بەرگری بکەن، بەڵام نامانەوێت شەڕبکەین، لەگەڵئەوەشدا ئەگەر هێرشمان بکرێتەسەر ناچارین شەڕبکەین و سازش لەمافی خۆمان ناکەین.

ئاماژەی بەئەوەشدا، دیاریکردنی وادە بۆ یەکی نیسان و چۆڵکردنی سنوورەکە پیلانێکە و لەدژی شەنگال بەڕێوەدەچێت.

لەبارەی ڕەوشی نێوخۆی ئێستای شەنگالەوە دەڵێت: ڕەوشەکە زۆر ئارامە و هیچ شتێک لەئارادا نییە، هاتنوچوونی هاوڵاتییان ئاساییە.

لەبارەی هاوکارییەکانی حەشدی شەعبی و شەڕڤانە ئێزدییەکانەوە ناوبراو دەڵێت: ئێمە پێشوازی لەهەوڵی پشتیوانی هەر لایەن و خێرخوازێک دەکەین، کە هاوکاریمان بکات، هێزەکانی حەشدی شەعبیش لەلێدوان و پەیوەندییەکاندا پشتیوانی خۆیان بۆ ئێمە پیشانداوە، بەڵام بەکردار تاکو ئێستا هیچیان نەبووە.

ئەم کێشەیە تەنها لەناوخۆی عیراقدا نەماوەتەوە، بەڵکو بۆتە کێشەیەک کە تورکیا و ئێران دەستیان تێوەرداوە، بەجۆرێک تورکیا پشتیوانیدەکات، کە هێزە خۆجێیەکان شەنگال چۆڵبکەن، لەبەرامبەردا ئێرانیش لەڕێگەی حەشدی شەعبییەوە پاڵپشتی خۆی بۆ هێزە خۆجێییەکانی شەنگال دەربڕیوە.

هەر ئەم کێشەیە گوازراوەتەوە بۆ نێوان تورکیا و ئێران و گرژی لەپەیوەندییەکانیاندا دروستکردووە، بۆیە پێناچێت بەئاسانی ئەم کێشەی شەنگال چارەسەربکرێت.
پاشئەوەی داعش هێرشی کردە سەر شەنگال و ناوچەکەی کۆنتڕۆڵکرد، پەکەکە هاوکاری خەڵکی ناوچەکەی کرد و ناوچەکەی خستەوە ژێر دەسەڵاتی ئێزدییەکان و دەستەی خۆبەڕێوەبەری بۆ دامەزراندن و هێزی تایبەت بەخۆیان دامەزراند.

لەئێستادا ئەم هێزە ناوخۆییانەی شەنگال بەنایاسایی وەسفدەکرێن و حکومەتی عیراق دەیەوێت شەنگال بخاتەوە ژێر کۆنتڕۆڵی خۆی، بەڵام ئەمە پێچەوانەی ڕای بەشێک لەئێزدییەکانی شەنگالە، بەهۆی ئەوەی ئەوکاتەی داعش هێرشی کردە سەر شەنگال هێزە کوردییەکان و عیراقییەکانیش نەیانتوانی ئێزدییەکان بپارێزن.

ڕێکخستنەوەی ئەو ناوچانەی داعش هێرشی کردوونەتە سەر گۆڕانکاری گەورەی تێیاندا ڕوویداوە، بۆیە ڕێکخستنەوەیان بۆ پێش ئەوکاتە ئەستەمە و کاتێکی زۆری پێدەچێت تاکو دۆخەکە ئاسایی دەکرێتەوە.