سەردێر

لەمەڵبەندە تەندروستییەکانی سلێمانی پشکنینی کۆرۆنا دەکرێت

سلێمانی ـ نزار جەزا
بڕیارە لەماوەی چەند ڕۆژی داهاتودا لەهەندێک مەڵبەندی تەندروستی سلێمانی نمونەی پشکنین بۆ ڤایرۆسی کۆرۆنا وەربگیرێت.
نەورۆز عوسمان بەڕێوەبەری بەشی کۆنتڕۆڵکردنی نەخۆشییە گواستراوەکان لەبەڕێوەبەرایەتی خۆپاراستنی تەندروستی سلێمانی بە(خەڵک)ی ڕاگەیاند، ئێستا توانای پشکنین لەسلێمانی زۆر زیاتربووە بەراورد بەچەند مانگی پێشوو، بەجۆرێک ئێستا ڕۆژانە دەتوانرێت دوو هەزار پشکنین بکرێت، کە بێبەرامبەریش دەکرێت.
ئەوەشی خستەڕوو، لەمەودا بەنیازن لەناو مەڵبەندە تەندروستییەکان تیمی تایبەت دابنێن، بۆئەوەی نمونەى پشکنینی ڤایرۆسی کۆرۆنا لەهاوڵاتیان وەربگرن، ئەمەش کارئاسانییە بۆ هاوڵاتییان.
زیاتر ڕوونیکردەوە، ئەو کەسانەی گومانیان لێ دەکرێت لەو مەڵبەندانە، نمونەی پشکنینیان لێ وەردەگیرێت.
باسی لەئەوەشکرد، ئەمە هەنگاوێکە بۆئەوەی ڕێگری لە بڵاوبوونەوەى ڤایرۆسەکە بکەن، چونکە ئەو کەسانەى هەڵگری ڤایرۆسەکەن لەتێکەڵاوی خەڵکی دیکە خۆیاندەپارێزن و خێرایی بڵاوبوونەوەکە خاودەکەنەوە.
وتیشی: ئەم هەنگاوە ئەرکێکی دیکەیە بۆ تەندروستی، بەڵام چارنییە، بۆ ڕێگری لەبڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە ئەم هەنگاوەش دەنێن.
ئەمە لەکاتێکدایە ڕێژەی تووشبوون بەکۆرۆنا لەهەرێمی کوردستان بەرزبۆتەوە و وەزیری تەندروستی هەرێمیش داوای لەهاوڵاتییان کرد، ئەگەر نیشانەیان هەیە بچن پشکنین بکەن.