سەردێر

لە%70ی كێڵگە پەلەوەریەكان بە تاڵ بوون

نرخی ئەمڕۆی مریشك لە كێڵگە پەلەوەریەكان چەندە؟

خەڵك
خاوەن پڕۆژەیەكی پەلەوەری لە هەرێمی كوردستان دەڵێت، بە بەهای زیاتر لە 20 ملیار دینار زیان بە خاوەن پڕۆژە پەلەوەریەكان گەیشتووە و لە%70ی كێڵگەكان لە هەرێمی كوردستان و عێراقیش بە تاڵ بوون.

نازم عەبدوڵا، خاوەن پڕۆژەی پەلەوەر و وتەبێژی پێشووی كۆمەڵەی كێڵگە پەلەوەریەكانی هەرێم بە (خەڵك) ی ڕاگەیاند، لە سێ‌ مانگی ڕابردوو خاوەن پڕۆژە پەلەوەریەكان نەك تەنها لە هەرێمی كوردستان بەڵكو لەسەرانسەری عێراقدا بەرەو ڕووی زیانێكی گەورەبوون و تێچووی هەر كیلۆ مریشكێك 400 بۆ 500 دینار لەسەر خاوەن پڕۆژەكان زیادی كردووە.

وتیشی، بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار بەرامبەر بە دیناری عێراقی تەنێك عەلەف 40 بۆ 50 دۆلار گران بووە ، غاز و ڤاكسین و ڤیتامین لەسەر خاوەن پڕۆژەكان گران بوون و بە بەهای زیاتر لە 20 ملیار دینار زیان بە خاوەن پڕۆژە پەلەوەریەكان گەیشتووە.

نازم عەبدوڵا دەشڵێت، بەهۆی ئەو گۆرانەی لە چەند ڕۆژی ڕابردوو لە نرخی مریشكدا ڕوویداو بەرز بووەوە لە%70ی كێڵگەكان لە هەرێمی كوردستان و عێراقیش بە تاڵ بوون و لەترسی زیانی زیاتر نەتوانراوە پڕبكرێنەوە.

ئاماژەی بەوەشكرد، ڕاستە ئەو ژمارە زۆرە لە كێڵگەكان بەتاڵ بوون، بەڵام مەترسی كەمبوونەوەی مریشك نەماوە چونكە ئێستا جوجكی 10 بۆ 20 ڕۆژ زۆر زۆرە لەناو پڕۆژەكاندا.

وتیشی، نرخی ئەمڕۆی مریشك 2 هەزار و 800 دینارەو فرۆشیارانی مریشكیش بە ویستی خۆیان نرخی فرۆشتنەكەی بە هاووڵاتیان دادەنێن.

دەشڵێت، ئومێد دەكەم نرخەكە كەم بكرێتەوە بەڵام بەجۆرێكیش نەبێت خاوەن كێڵگەكان و مریشك فرۆشان زیانیان پێبگات.

لە هەرێمی كوردستان 1625پڕۆژە ی پەلەوەر هەیە.