سەردێر

وەزارەتێكی هەرێم، بەهۆی كۆرۆناوە سەرجەم چالاكییەكانی ڕاگرت

خەڵك-

وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان ڕایدەگەیەنێت، بەهۆی تەشەنەی ڤایرۆسی كۆرۆناوە بڕیاردراوە سەرجەم چالاكی و گردبوونەوەیەك ڕابگیرێت.

وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، ماوەیەكە بەشێوەیەكی خێرا و بەرچاو شەپۆلێكی تری ڤایرۆسی كۆرۆنا لە هەرێمی كوردستان بڵاوبووەتەوە، بەپێی هۆشدارییەكانی وەزارەتی تەندروستی ئەگەر دۆخەكە بەو شێوەیە بێت لە ماوەیەكی كەمدا لەكۆنتڕۆڵ دەردەچێت.

ئاشكراشیدەكات، لەچوارچێوەی هەڵمەتی خۆپارێزیدا، سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەكان و بەڕێوەبەرایەتی و تەواوی ئۆرگانەكانی پەیوەست بە سێكتەرەكانی كاروباری وەزارەتمان ئاگاداردەكەنەوە كە هەموو جۆرە چالاكی و گردبوونەوەیەك ڕادەگیرێت تا ئەوكاتەی لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا ڕێنمایی نوێ دەردەكات.

ئەمڕۆ لیژنەی باڵای ڕووبەڕووبوونەوەی كۆرۆنا كۆدەبێتەوە و بەپێی زانیارییەكانیش چەندین بڕیاری نوێ بۆ خۆپارێزی لە كۆرۆنا ڕادەگەیەنێت.