سەردێر

قەرزی حكومەتی هەرێم لە بانكەكان چەندە؟

هەرێم دەتوانێت بەو بڕەی لە بودجە بۆی دیاریكراوە قەرزەكانی بداتەوە؟

خەڵك
پەڕلەمانتارێكی هەرێم زانیاری دەربارەی قەرزەكانی حكومەتی هەرێم دەخاتەڕوو دەشڵێت، هەرێم ناتوانێت بەو بڕەی لە بودجەی عێراق بۆی دیاریكراوە قەرزەكانی بداتەوە.

شێركۆ جەودەت ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەڕلەمانی كوردستان بە (خەڵك) ی ڕاگەیاند، حكومەتی هەرێمی كوردستان ناتوانێت بەو بڕەی لە بودجەی 2021 ی عێراق بۆی دیاریكراوە قەرزەكانی بداتەوە، چونكە زۆر كەمەو بەشی ئەوە ناكات.

” حكومەتی هەرێم زیاتر لە 28 ملیار دۆلار قەرزدارە”

سەبارەت بە بڕی ئەو قەرزەی هەرێم لە بانكەكان كردوویەتی شێركۆ جەودەت ووتی، شتێكی كۆنكرێتی نییە چونكە وردبینی نەكراوە بۆی بەڵام وەك ئەوەی حكومەت رایگەیاندووە ، سەروو 28 ملیار دۆلارە.

“ڕێگاچارەكانی دەربازبوون لەم دۆخە زۆرن”

ئەو پەرلەمانتارە دەشڵێت” ڕێگا چارەكانی دەربازبوون لەم دۆخە زۆرن ئەگەر حكومەت بیەوێت چارەسەری پێویست بدۆزێتەوە، پێویستە چاكسازی بكرێت و گەندەڵیەكان نەمێنن كۆمپانیا نەوتییەكان باج بدەن، خاڵە گومرگیەكان كۆنتڕۆڵبكرێن و چەندین ڕێگەی دیكەش هەن.

سەبارەت بە هەنگاوەكان بۆ بودجەی هەرێمی كوردستان شێركۆ جەودەت وتی، جارێ‌ هیچ شتیك دیار نییە، چونكە حكومەت هیچی نەناردووە بۆ پەرلەمان.

پشكی هەرێم لە بودجەی 2021 ی عێراق كە لە لیژنەی دارایی پەسەندكراوە %12.67 ە و هەرێمی كوردستان دەتوانێت لەماوەی 7 ساڵدا ئەو قەرزانەی لە بانكەكان كردوێتی بیداتەوە بە حكومەتی فیدڕاڵ و لەو بودجەیەی بۆی دیاریكراوە لێی دەبڕدرێت