سەردێر

پزیشكێك، لەبارەی بڵاوبوونەوەی كۆرۆنا لەنێو منداڵان هۆشداری دەدات

ئەو نەخۆشانەی تووشی كۆكە و سەرئێشەو تا و سكچوون و ڕشانەوەیان هەیە تووشبووی كۆرۆنان

 

خەڵك-

پزیشكێكی پسپۆڕی نەخۆشیەكانی منداڵان ڕایدەگەیەنێت، پێشتر ڕامان گەیاندبوو بەپێی ئەو ووڵاتانەی كە كۆڕۆنای گۆڕاو لەناویاندا بڵاوبووەتەوە، چاوەڕوان كراوە لە كوردستانیش منداڵان بەڕێژەیەكی زۆر تووش ببن، هەر بۆیە ماوەیەكە تووشبوون بە كۆرۆنا لەناو منداڵاندا بەشێوەیەكی بەرچاو بەرزبووەتەوە، لەو ڕێژەیەش بەشێك لە منداڵان بە تووندی تووش بوون.

پشدەر عەبدوڵڵا پزیشكی پسپۆڕی نەخۆشیەكانی منداڵان و گەشەی منداڵان ڕایگەیاند، ئێمە وەك پزیشكانی منداڵان بەردەوام چاودێری باروودۆخەكەمان دەكرد و وەك ئیدارەی نەخۆشخانەش خەریكی ئامادەكاری بووین بۆ هاتنی ئەو شەپۆلە، ئەوەی تێبینی كراوە بەشێكی ئەو نەخۆشانەی تووشی كۆكە و سەرئێشەو تا و سكچوون و ڕشانەوەو سك ئێشە بوون تووشبوو بوون بە كۆرۆنا، بەڵام ئەوەی سەرنج دراوە بەشێكیان بەسووكی دەیگرن و بەشێكیان بەتووندی تووش دەبن، بەڵام دوای چەند ڕۆژێك باروودۆخیان باش دەبێت، ژمارەیەكی زۆر تووشبوو پێویستیان بە داخڵكردن نیە لە نەخۆشخانە.
وتیشی”گرنگترین كار لە ئێستادا بكرێت خۆپارێزییە، ژمارەی تووشبووان زۆرە، بەڵام خۆشبەختانە بەشێكی كەمیان پێویستیان بە داخڵبوونە لە نەخۆشخانە، بەڵام ئەوە بەمانای ئەوە نایەت كە باروودۆخ كۆنتڕۆڵە، بۆیە ئەگەر ژمارەی تووشبووان زۆر زیاد بكات بەدڵنیاییەوە ژمارەی ئەوانەش زیاد دەكات كە پێویستیان بە داخڵبوون دەبێت و ژمارەی ئەوانەش زیاد ئەكات كە زۆر بەتووندی دەیگرن”.
ڕوونیشیكردەوە، مەبەستمان نیە ترس و دڵەڕاوكێیەكی زۆر بڵاوبكەینەوە، بەڵكو تەنها مەبەستمانە خۆپارێزی تووندتر بكرێت، خۆتان بەدووربگرن لە بەكارهێنانی دەرمانی زۆر و ناپێویست، تەنها لە حاڵەتی پێویستدا نەبێت و پزیشكی پسپۆڕ نەبێت دەرمان نەنووسێت بۆ چارەسەر، نابێت لە خۆتانەوە دەرمان بەكاربهێنن.