خەڵك-
بەڕێوەبەرایەتی گەشتوگوزاری سلێمانی ڕایدەگەیەنێت، حەوت شوێنی گەشتیاریان داخستووە.
بەڕێوەبەرایەتی گەشتوگوزاری سلێمانی لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژە بۆ ئەوە دەكات، بەهۆی پابەندنەبوون بەمەرج و ڕێنماییەكان، 7 شوێنی جیاواز كە مۆڵەتی گەشتوگوزاریان هەیە لەلایەن لیژنەكانی پشكنینی بەڕێوەبەرایەتی گشتی گەشتوگوزاری سلێمانییەوە داخران.
ئاشكراشیكرد، هەریەك لەو شوێنانە دەكەونە هاوینەهەواری سەرچنار و سەیرانگای چەق چەقی شاری سلێمانی، كە خۆیان لە (ڕێستۆرانت و خواردن و خواردنەوە و فرۆشگای سەرمەستی و كەپری حەوانەوە) دەبیننەوە.
ڕوونیشیكردەوە، هەریەك لەو 7 خاوەن مۆڵەتە چەند جارێك ئاگاداركراونەتەوە بۆ جێبەجێكردنی مەرج و ڕێنماییەكان، بەڵام لە بەدواداچوونی لیژنەكانی گەشتوگوزاری سلێمانی پابەندی تەواو بەدی نەكراوە، هەر بەو هۆیەوە ئەو شوێنانە داخران و خاوەنەكانیان ڕووبەڕووی سزای یاسای كرانەوە.