خەڵك
بەپێی ئامارە نا فەرمییەكان ڕێژەی بێكاری لە هەرێمی كوردستان بۆ 20% بەرز بووەتەوەو 30%ی دانیشتوانیش لە ژێر هێڵی هەژاریەوەن و پسپۆڕێكی كارگێڕی و ئابووریش لێكتێگەیشتنی لایەنە سیاسییەكان بە تاكە چارەسەری ئەو دۆخە دەزانێت.
كاروان محەمەد، پسپۆڕی كارگێڕی و ئابووری بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، یەكێك لە هۆكارەكانی بەرزبوونەوەی ئاستی بێكاری و هەژاری لە هەرێمی كوردستان پەیوەندی بە لایەنی سیاسییەوە هەیە و هاوكارە هەم بۆ گەورەكردنی قەیران و هەم بۆ بچوككردنەوەشی، بۆیە تاكە چارەسەر لێكتێگەیشتنی لایەنە سیاسییەكان و كەمكردنەوەی ململانێ سیاسییەكان و دەرفەتدانە بە ویستی ڕاستەقینەی چارەسەر كردنی قەیرانە ئابوورییەكان.
وتیشی، هۆكارەكانی دیكەی ئەم دۆخە لێبڕینی مووچەو كەمبوونەوەی جموجۆڵی بازرگانییە.
دەشڵێت، ڕێژەی بێكاری و هەژاری یەكێكە لەو پایانەی ئاستی سەركەوتویی و باشی حكومڕانی هەر وڵاتێكی پێدەپێورێت، قەیرانی حكومڕانی لە هەرێمی كوردستان هەر هەبووە و لە 2014 بەدواوە كە قەیرانی دارایی دروستبوو نەمانتوانی بەرگەی هەندێك فشار بگرین بووە هۆی دروستبوونی بێكارییەكی زۆر و ڕێژەی هەژاریش بەرز بووەوە و لە ماوەی ئەم 7 ساڵەدا بەردەوام بێكاری زیادی كردووە.
ئاماژەی بەوەشكرد، پێویستە بەپەلەو بەپێی ریزبەندی دەست ببرێت بۆ ئەو گرفتانەی كە وایكردووە ئەم دۆخە درێژە بكێشێت ئەگەر نا بەردەوام ئامارەكان لە زیادبووندا دەبن.
وتیشی: ئێمە بەپێی كلتورمان تا رادەیەك باشترین لەو وڵاتانەی رێژەی هەژاری و بێكاریان بەرزە.