سەردێر

سوێس بەدیلی نییە

خەڵك-

گیرخواردنی كەشتییەكان لە ماوەی هەفتەی رابردوو لە نۆكەندی سوێس زۆر لایەنی بەخۆیەوە خەریك كردووە، زۆرترین دەنگوباسی لەسەر بڵاودەكرێتەوە.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ كەشتییەكە هێنرایەوەسەر ئاو دوای ئەوەی بۆ ماوەی هەفتەیەك بەهۆی لادانی بۆ سەر وشكانی كەناری ئاوەكە، گیری خواردبوو، زۆر لایەن باسیان لە بەدیلی ئەم نۆكەندە دەكرد.

لە ئەوبارەیەوە هانی محمسانی بەڕێوەبەری نێوەندی گواستنەوە لە زانكۆی نۆرس وێسترن لەبارەی بوونی پرۆژەی ئیسرائیلی و روسی و ئێرانی بۆ هێڵی گواستنەوە و بوونی بەدیل بۆ نۆكەندی سوێس بۆ كەناڵی الجزیرە دەڵێت: بەڵێ بەدیل هەیە، بەڵام بۆ ماوەی كورت و كاتی، وەك گۆڕینی ئاڕاستەی كەشتییەكان، یان گواستنەوەی بارەكان لە رێگای هێڵی ئاسنین لە چینەوە بۆ ئەوروپا.

ناوبراو دەڵێـت: سەرەڕای تێپەڕینی 150 ساڵ بەسەر دروستكردنی نۆكەندی سوێسدا، بەڵام هیچ بەدیلی نییە وەكخۆی تا ئێستا.

داواشیكرد رەوشی بەنداوەكە باشتر بكرێت و كێشە و ئاستەنگەكانی نەمێنێت، چونكە درێژەكێشانی قەیرانەكە بۆ چەند رۆژێك جێگەی رازی بوون نییە.

پسپۆڕی ئابووری محەمەد حەیدەر رایگەیاند كاردانەوەكانی قەیرانی كەشتییەكە قوڵە، بۆ نمونە ئەو كەشتییانەی ڤاكسین دەگوازنەوە، ئەوانە كەرەستەیەكن دووبارە گواستنەوەیان ئاسان نییە.

ئاماژە بەوەشكرد ریزی وەستانی كەشتییەكان تا هیندستان درێژبووەتەوە، نرخی نەوت بەرز بووەوە لە ئەو هەفتەیە، كۆمپانیاكان رێیان گرت لە گواستنەوەی كەلوپەل بەهۆی مەترسی تووشبوونیان بە رووداو.

مامۆستای یاسای بازرگانی و دەریایی سەڵاح زینەدین ئاماژە بەوە دەكات هەموو ئەو كەس و لایانەی رۆڵیان بووە بەرپرسیارێتی یاساییان دەكەوێتەسەر لە دروستبوونی قەیرانەكە، هەرلایەنێك دەیهەوێت بەرپرسیارێتی لەسەر خۆی لابدات، چونكە قەرەبووكردنەوەی بێشوومارە، قورسە لە ئێستادا دیاری بكرێت.

پێشتر دەنگوباس بڵاوكرایەوە كە ئەمریكا پلانی هەبووە لە ساڵی 1963 نۆكەندێكی نوێ وەك جێگرەوەی نۆكەندی سوێس دروست بكات لە ئیسرائیلەوە لەدەریای نێوەڕاستەوە دەستپێبكات بۆ كەنداوی عەقەبە و دەریای عەرەب و لەوێشەوە بۆ زەریای هیندی.

لە نۆكەندی سوێسەوە 10ی نەوتی خاوی جیهانی دەگوزرێتەوە و نزیكەی 12%ی جوڵەی بازرگانیش لە ئەو نۆكەندەوەیە.

بەپێی زانیارییەكان زیانی هەر رۆژێكی داخرانی نۆكەندی سوێس نزیكەی 10 ملیار دۆلار بووە و بە سەدان كەشتی رێی هاتن و چونیان لێ گیراوە.

نۆكەندی سوێس بە هێڵی گەیەنەری ئاوی نێوان ئاسیا و ئەوروپا دادەنرێت كە پەیوەندییەكی بازرگانی و ئاڵوگۆڕی چڕ لەنێوان ئەوروپا و ئاسیادا هەیە.